رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، تاران داوای گفتوگۆی راستەوخۆی واشنتنی رەتکردووەتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا هەموو ئامادەکارییەکی کردووە، گورزێکی سنووردار لە ئێران بوەشێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-11-2026، مەهدی محەممەدی، راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، واشنتن بەر لەوەی وەڵامی پێشنیازە دوو رۆژییەکەی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و کۆتاییهێنان بە جەنگ بداتەوە، داوای گفتوگۆی راستەخۆی لە تاران کردووە.
بەگوتەی مەهدی محەممەدی، ئێران داواکەی ئەمریکای بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ رەتکردووەتەوە، ''راشکاوانە رامانگەیاندووە هیچ گفتوگۆیەک دەستپێناکات تاوەکو هەموو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن."
لە پرۆژە دوو رۆژییەکەی ئێراندا هاتووە، ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی ئەو وڵاتە جێبەجێ بکات کە بریتین لە هەڵگرتنی سزاکان، کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان، ئەوە لە دوو رۆژدا ئاسایش دەگەڕێننەوە تەنگەی هورمز؛ بەڵام واشنتن پێشنیازەکە بە ''گاڵتەجارانە'' دەزانێت.
راوێژکارەکەی محەممەدباقر قالیباف، وەڵامەکەی ئەمریکا بۆ پڕۆژەی دوو رۆژەی ئێران بە "تەواو فێڵبازانە" دەزانێت و دەڵێت: ''دۆناڵد ترەمپ (سەرۆکی ئەمریکا) دەسەڵاتی گفتوگۆی بە جەی دی ڤانسی جێگری داوە، بەڵام دەسەڵاتی سازشکردن نا''.
وەک مەهدی محەممەدی گوتی، ئەمریکییەکان هەموو شتێکیان بۆ ''وەشاندنی گورزێکی سنووردار'' لە ئێران ئامادە کردووە.
یەکێک لە داواکارییەکانی ئەمریکا لە تاران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن، رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئەو وڵاتەیە کە گومان دەکرێ لە چیای قوڵنگ حەشاردرابێت. راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری دا: ''هێرشی ئەگەریی ئەمریکا بۆ سەر چیای قوڵنگ، دەبێتە هۆی دەستپێکردنی جەنگێکی فراوان''.
مەهدی محەممەدی پێشبینیش دەکات، ئەمریکا بەردەوام بێت لە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر بەندەرەکانی ئێران، لاوازکردنی متمانەی گشتی بە دەسەڵات و هێرشی سنوورداری سەربازی و هەواڵگری، بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەکەی.
قسەکانی راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەکاتێکدان، هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر بۆ گەڕاندنەوەی واشنتن و تاران بۆ سەر مێزی دانوستاندن چڕ بوونەتەوە.
لە دوایین پێشهاتدا میدیا ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردەوە، دوێنێ سێشەممە محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت کە لە پاریس بەڕێوەچوو رایگەیاندووە، دەوحە لانیکەم دوو هەفتە کاتی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدات لە رێگەی دانوستاندنەوە کێشەکان چارەسەر بن و رێگری لە هێرشی ئەگەریی ئەمریکا بکرێ بۆ سەر ئێران.


.webp&w=3840&q=75)