رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی فەرماندەی سوپای پاسداران دەڵێت، رێبەری ئێران فەرمانی دەرکردووە، ''بەبێ سنوور'' وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا بدەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''بەپێی فەرمانەکە لە هەر شوێنێکی جیهان دەتوانین ئۆپەراسیۆن بەڕێوەببەین''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-11-2026، محەممەدڕەزا نەقدی، راوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کردووە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکادا، ''بەبێ سنوور'' وەڵام بدەنەوە.
بەگوتەی محەممەدڕەزا نەقدی، خامنەیی مۆڵەتی ئەوەشی بە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی داوە، ئەگەر جەنگ رووبداتەوە، لە ''هەر شوێنێکی جیهان'' ئۆپەراسیۆن بکەن.
ئەو راوێژکارەی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئەوەشی خستەڕوو: ''بەپێی ئەم مۆڵەتە، ئەگەر بچووکترین هەڵە لە دووژمن رووبدات، هێزە چەکدارەکانمان دەستیان واڵایە و لە هەر شوێنێکی جیهان کە خۆیان بڕیاری لێبدەن، وەڵامی پێویست دەدەنەوە.''
قسەکانی نەقدی لەکاتێکدان، رۆژی دووشەممە 9ـی تشرینی دووەم، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی فەرمانی کردووە، لە دۆخی ''نە جەنگ، نە ئاشتی'' بێنە دەرەوە.
پزیشکیان گوتی: ''بە سەرفرازییەوە دەتوانین لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکەین. ئێمە پێشتریش پیشانمان داوە لەگەڵ دانوستاندن و دیپلۆماسین''.


.webp&w=3840&q=75)