رووداو دیجیتاڵ
شا سەلمان بن عەبدولعەزیزی سعودیە بە فەرمانێکی شاهانە، فەهد سەلمانی لە پۆستی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن دوورخستەوە، ئەم هەنگاوەش دوای پێشڕەویی خێرا و گەورەی چەکدارانی حووسی بەرەو شاری عەدەن و پاشەکشەی هێزەکانی حکومەتی یەمەن لە ناوچەکانی دەوروبەری تەنگەی بابولمەندەب دێت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سعودیە (واس) دەقی فەرمانە شاهانەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "فەهد بن حەمەد بن عەبدولعەزیز سەلمان کراوەتە راوێژکاری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری سەربازی، هاوکات فەییاز بن حامید رووەیلی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتی، لەپاڵ ئەرکەکانی خۆیدا بە شێوەیەکی کاتی ئەرکی فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی پێسپێردراوە."
دوورخستنەوەی فەرماندەی هاوپەیمانیی عەرەبی دوای زنجیرەیەک پاشەکشەی گەورەی هێزەکانی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن دێت لە بەرەکانی جەنگدا؛ لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چەکدارانی حووسی هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد و توانییان دەست بەسەر کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن و ناوچە ستراتیژییەکانی تەنگەی بابولمەندەبدا بگرن.
سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی حکومەت بە پشتیوانیی چڕی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە هێرشێکی پێچەوانەیان دەستپێکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە، بەڵام نەیانتوانی دۆخەکە بگۆڕن. رۆژی یەکشەممەش چەکدارانی حووسی دوای پێشڕەوییەکانیان لە پارێزگای لەحج لە باشووری وڵاتەکە، گەیشتنە دووریی تەنیا 60 کیلۆمەتر لە شاری عەدەن کە بارەگای کاتیی حکومەتی یەمەنە، هاوکات هێزەکانی حکومەتیش پاشەکشەی تەواوەتیی خۆیان لە ناوچەکانی سەر بە تەنگەی بابولمەندەب راگەیاند.
لە لایەکی دیکەشەوە، لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا خاکی سعودیە بە شێوەیەکی رۆژانە رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی حووسییەکان بووەتەوە، کە ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز و ناوەندی دارایی پایتەختی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
جەنگی نێوخۆیی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە دەستیپێکرد، دوای ئەوەی حووسییەکان دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت و ساڵی دواتریش هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دەستوەردانی سەربازیی کرد. لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیشدا، دوای ئەوەی ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 بە تەواوی داڕما، شەڕ و پێکدادانەکان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بە فراوانی دەستیان پێکردەوە.


