رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ کتێبێک لەسەر جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی و دۆخی ژیانی رزگاربووان لە شاری دهۆک بە زمانی عەرەبی بڵاوبکرێتەوە. نووسەرەکەی دەڵێ، باسی ئەوەی کردووە کە دەبێ چی بکرێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جینۆساید دووبارە نەبێتەوە.
)جینۆسایدی ئێزدییەکان؛ لێکۆڵینەوە لە یادگە و دادپەروەری) ناوی کتێبەکەیە و لەلایەن نووسەر (حەسۆ هورمی)یەوە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و ئەمڕۆ شەممە لە شاری دهۆک لە رێوڕەسمێکدا بە خوێنەران دەناسێندرێ.
حەسۆ هورمی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دروستبوونی داعش، هۆکاری سەرهەڵدانی و کاریگەرییەکانی لەنێو کتێبەکەدا خراوەتەڕوو".
کتێبەکە لە 212 لاپەڕە پێکهاتووە و د. سەعد سەلووم، نووسەری عێراقی، پێشەکی بۆ نووسیوە و لە شاری دهۆک چاپ کراوە.
حەسۆ هورمی گوتی: "لە کتێبەکەدا ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدییەکان کراون تاوتوێ کراون؛ هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئایا ئەو تاوانانە دەگەنە ئاستی جینۆساید یان نا؟ پاشان، پشتیوانییەکان بۆ ئێزدییەکان بەکوێ گەیشتوون و لە چی ئاستێکدان شیکراوەتەوە".
نووسەری کتێبی (جینۆسایدی ئێزدییەکان؛ لێکۆڵینەوە لە یادگە و دادپەروەری) ئاماژەی بەوەکرد، لە بەشێکی کتێبەکەیدا باسی لەوە کردووە کە "ئەو منداڵانەی لە باوکێکی داعش لەدایکبوون چییان بەسەردێ؟ هەمووی باسی لێوەکراوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە".
بە گوتەی حەسۆ هورمی، لە نێوەڕۆکی کتێبەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە دەبێ چی بکرێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جینۆساید لە کوردستان بەرامبەر هیچ پێکهاتەیەک دووبارە نەبێتەوە.
کتێبەکە ئەمڕۆ کاژێر 18:00 لە (پەرتووکخانا بۆتانی) لە شاری دهۆک رێوڕەسمی ناساندنی بۆ دەکرێ.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆسەر شنگال و دەوروبەری لە 3-8-2014دا 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران و هەزارانیش کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو کۆتایی ئایاری ئەم ساڵ، سێ هەزار و 595 کوردی ئێزدی رفێندراوی دەست داعش رزگارکراون و نزیکەی دوو هەزار و 500 کەسیش بێسەروشوێنن.


