رووداو دیجیتاڵ
گرووپی شانۆی هاوار رایدەگەیێنێت، بردنەوەی زۆرینەی خەڵاتە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی لە وڵاتی عومان، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە شانۆی کوردی "سەرەڕای کەمیی ئیمکانیات، دەتوانێت لە ئاستی جیهانیدا رکابەری بکات." جەختیش دەکەنەوە، ئەم دەستکەوتە مێژووییەیان بە وەفایەک بۆ رووحی هەڵکەوت عەزیز، رۆژنامەنووس و هاوڕێی دێرینی شانۆکاریان دەزانن.
سەلمە؛ لە نێوان 63 بەرهەمدا درەوشایەوە
لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "لیالی ئۆفیر" بۆ دیۆدراما کە لە شاری سەلالە لە وڵاتی عومان بەڕێوەچوو، شانۆگەریی "سەلمە" وەک نوێنەری کوردستان و عێراق بەشداریی کرد. لە نێوان 63 بەرهەمی پێشکێشکراو لە سەرانسەری جیهانەوە، تەنیا 9 شانۆگەری بۆ کێبڕکێی کۆتایی هەڵبژێردرابوون، کە تێیدا گرووپی هاوار، کە گرووپێکی شانۆییە لە کەرکووک، توانی 4 خەڵاتی سەرەکی لە کۆی 6 خەڵاتی فێستیڤاڵەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
خەڵاتەکان بریتی بوون لە: باشترین بەرهەمی شانۆیی، باشترین دەرهێنەر (نەژاد نەجم)، باشترین ئەکتەری ژن و باشترین ئەکتەری پیاو.
نەژاد نەجم، دەرهێنەری گرووپەکە لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی نوورۆژی رووداودا، ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم سەرکەوتنە شانازییەکی گەورەیە بۆ هونەری کوردی. ئەو گوتی، "ئێمە سەلماندمان کە دەتوانین بە شانۆ دەنگی مەزڵوومییەتی گەلەکەمان بگەیەنینە جیهان. 'سەلمە' تەنیا نمایشێک نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی هونەریی جینۆسایدی کوردە (هەڵەبجە و ئەنفال) کە دەمانەوێت لە رێگەیەوە پەیامی خۆمان بگەیەنینە دادگای نێودەوڵەتی لاهای."
هەروەها گوتیشی، "سەرەڕای ئەوەی زمانەکە کوردی بوو، بەڵام بینەرانی عەرەب و بیانی لە رێگەی زمانی جەستە و گوزارشتە هونەرییەکانەوە بە قووڵی لە ئێش و ئازاری ناو چیرۆکەکە گەیشتن."
وەفایەک لەسەر تەختەی شانۆ
ساتە هەرە پڕ بایەخەکانی فێستیڤاڵەکە، تەرخانکردنی خەڵاتەکان بوو بۆ رووحی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری کۆچکردووی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، کە هاوکات ئەندامێکی دێرینی گرووپی شانۆی هاوار بووە.
نەژاد نەجم لەو بارەیەوە گوتی، "هەڵکەوت تەنیا هاوکار نەبوو، ئەو بەشێکی دانەبڕاو بوو لە خێزانە هونەرییەکەمان. کاتێک لە عومان هەواڵی کۆچی دواییمان بیست، هەموو خەڵاتەکانمان وەک وەفایەک پێشکێش بە رووحی پاکی ئەو کرد، چونکە ئەویش لەم سەرکەوتنەدا پشکی هەبوو."
ئاسۆیەکی نوێ بەرەو جیهان
نەجم ئاماژەوەی بەوەش کرد، دوای ئەم چالاکییەیان لە عومان، گرووپەکەیان چەندین بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتانی فەڕەنسا، رووسیا و مەغریب پێگەیشتووە.



