ئەو ئەندازیارەی رێگای هامڵتۆنی بە درێژایی نزیکەی 180کیلۆمەتر لە هەولێرەوە، بە رەواندز و چیاکانی زاگرۆسدا، گەیاندە حاجی ئۆمەران،
هەستی بەوە کردبوو کە ئەرکی ئەندازیار تەنیا دەستکاریکردنی سروشت و دروستکردنی
رێگا نییە؛ بەڵکوو بەرپرسیارییەکی لە بەرامبەر ئەنجامەکانی کارەکەیشیدا هەیە. بەڵام دواجار دەیزانی ئەوە ئەندازیار نییە
کە بڕیار دەدات رێگاکە بۆچی بەکاربهێنرێت
.
هامڵتۆن لە کتێبەکەیدا- ROAD THROUGH
KURDISTAN - پێیوایە بەریتانیا دەیویست پایتەختەکانی ئەوروپا لە رێی
نوسەیبینەوە لە تورکیا بگەیێنێتە عیراق و لەوێشەوە، بە رێگای بەستنەوەی موسڵ و
هەولێر - رەواندز بە ورمێ و تەورێز لە ئێران، بازرگانی و نفوزی بەریتانیا بەرەو ناوچەیەک
ببات کە رووسیا پێگەی گرنگی تێدا هەبوو. لە ناوخۆی عێراقیشدا، رێگاکە دەستی حکومەتی بۆ
گەیشتن بۆ ئەو ناوچە شاخاوییانەی کوردستان ئاسانتر دەکرد کە کۆنترۆڵکردنیان تەنیا
بە بۆردومان مسۆگەر نەدەبوو. هەڵبەت مەرج نییە کاریگەرییە سیاسییەکانی رێگا هەمیشە لە
چوارچێوەی ئامانجە سەرەتاییەکاندا بمێنێتەوە. رێگای هامڵتۆن، لەگەڵ ئاسانکردنی گواستنەوەی هێز
و کەرەستەی سەربازی، پەیوەندیی دەشتی هەولێری بە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان
فراوان کرد و دەرفەتی ئاڵوگۆڕی ئابووری و کۆمەڵایەتیی زیاتر دروست کرد. ئەم پەیوەندییانەش یەکێک لە
زەوینەکانی فراوانبوونی جووڵانەوەی کوردی لە سنووری ناوچەییەوە بۆ ئاستێکی
بەرفراوانتر بوون. ساڵانێک
دواتر، ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری ئەم رێگایە خۆیان بوونە ناوەندێکی گرنگی
خەباتی سیاسی و سەربازیی کورد. ناوچە شاخاوییەکانی کەناری رێگای هامڵتۆن رۆڵی بە یەکگەیاندنی
هەردوو هێڵی ناوچە شاخاوییەکانی بادینان و سلێمانی گیڕا. ئێستاش نزیکەی سەدەیەک دواتر، پڕۆژەیەکی دیکەی
گواستنەوە، واتە "رێگەی گەشەپێدان" و دەروازەی ئۆڤاکۆی–پێشابوور، هەمان پرسیاری زەق کردۆتەوە کە داخۆ
ئەم رێگایە بە چ لەونێک پەیوەندییەکان دەگۆڕێ و ئاسەواری سیاسی بە جێ دەهێڵێت؟
رێڕەوەکانی رکابەری
سەرنجێکی خێرا لەسەر کێبڕکێکانی جیهانی ئەمڕۆ دەریدەخات
کە چۆن ململانێ سیاسی و سەربازییەکان لەگەڵ رێڕەوەکانی بازرگانی و گواستنەوەی
وزەدا کارلێکی دوولایەنە دەکەن و لەسەر بنەمای یەکتر دادەڕێژرێنەوە. بەپێی راپۆرتێکی فۆرین پۆڵیسی،
لەنێوان ساڵانی 2000 تا 2025دا چین لە 168 بەندەری گرنگی 90 وڵاتی جیهاندا نزیکەی 24 ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی کردووە،
ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هاوکات ئیدارەی ترەمپ بە گوشار
پانامای ناچار کرد گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی نزیک لە پەکین هەڵبوەشێنێتەوە کە
بۆ بەڕیوەبردنی کەناڵی پاناما کردبووی. دەکرێ
شەڕی واشنتن لە هورمز و شەڕی پێشتریشی دژی حوسییەکان لە گەرووی بابولمەندەب و
لەوانەش گرنگتر، پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی و سەربازییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەناری
گەرووی مالاکا (ئیندۆنیزیا، سەنگاپوورە و
مالیزیا)، وەک هەوڵێک بۆ
باڵادەستی لە رێڕەەکانی بازرگانی هەژمار بکرێت.
لە
رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دوو دیمەنی تەواو پێچەوانە دەبینرێن:
لە بەشی باکووری ناوچەکەدا، لە بەندەرەکانی عەقەبە و
ئیلاتەوە تا بەندەری جەیهان چەندین
وڵاتی وەک ئیسرائیل، ئوردن، سووریا، عێراق و تورکیا لە دیپلۆماسییەکی چڕی وزە و
بازرگانیدان؛ دەوڵەتان یان سەرقاڵی دانوستاندنن لەسەر بۆرییەکانی نەوت و گاز، هێڵی
ئاسن، بەندەرەکان و پڕۆژەکانی گەشەپێدان، یان پلانی لەو شێوەیە گەڵاڵە دەکەن. بەڵام لە باشووری ناوچەکەدا، لە
هێڵێکی نێوان یەمەنەوە تا سنوورەکانی ئەفغانستان، دۆخەکە جیاوازە؛ شەڕی نێوان
سعوودیە و حوسییەکان، پێکدادانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، و گرژییەکانی
نێوان ئەفغانستان و پاکستان کە جاروبار ئێرانیش دەگرێتەوە، گوزارشت لە ململانێیەکی
راستەقینە دەکەن کە کاریگەری لەسەر رێڕەوەکانی بازرگانی و گواستنەوەی وزە دادەنێن.
هێرشەکەی حەماس لە ساڵی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، جیا لە هەر هۆکارێکی دیکە، دەشێت بە ئامانجی پەکخستنی پڕۆژەی
رێڕەوی ئابووریی هیندستان-رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست-ئەورووپا (IMEC) بووبێت؛سەرهەڵدانی شەڕی 2026ی
ئێران و دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکان و سعوودیە، ئاسایشی هەردوو
گەرووی هورمز و بابولمەندەبی ئاڵۆزتر کردووە و کێبڕکێی وڵاتانی لەسەر رێڕەوەکانی
گواستنەوەی وزە توندتر کردووەتەوە. لە
بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ریاز هەوڵ دەدات لە رێگەی "هێڵی
بۆریی رۆژهەڵات–رۆژئاوا" وە نەوتی کێڵگەکانی
رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بگوازێتەوە بۆ بەندەری «یەنبوع» لەسەر دەریای سوور. هاوکات عومان دەیەوێت پێگەی خۆی لە
گەرووی هورمز بەهێزتر بکات، ئیسرائیلیش لە هەوڵی زیندووکردنەوەی هێڵی «ئیلات–ئەشکەلۆن»دایە تا لەوێوە نەوتی کەنداو
بگوازێتەوە بۆ ئەورووپا. لەم
نێوەندەشدا عێراق هەوڵ دەدات هێڵەکانی بەسرە–بانیاس
و بەسرە–کەرکووک چالاک بکاتەوە؛
پڕۆژە گەلێک کە هەریەکەیان بە
جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری و بایەخی جیۆستراتیجیی گەرووی هورمز کەم دەکەنەوە. هێشتا شەڕ و ململانێ بەردەوامە و دواجار
ئەنجامی هاوسەنگییەکان دەریدەخات کە چ پرۆژەیەکی رێگا و گواستنەوەی وزە سەردەکەوێ
و کامەیان پەکی دەکەوێت بەڵام هەرجۆرێک بێت رێگاکانیش ئەنجامێكی سیاسی و
هاوسەنگییەکی تازە بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
رێگای گەشەپێدان و هەرێمی کوردستان
پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە چوارچێوەی رکابەریی
رێڕەوەکانی وزە و بازرگانی، قەیرانی هورمز و گۆڕانی هاوسەنگیی ناوچەییدا بایەخێکی
زیاتری پەیدا کردووە. بەڵام
بۆ هەرێمی کوردستان، گرنگییەکەی تەنیا لەوەدا نییە کە رێگاکە بە کوێدا تێدەپەڕێت؛
خاڵی بنەڕەتی ئەوەیە کە سنوور، گومرگ و داهات چۆن بەڕێوە دەبرێن و کێ لە
بڕیارەکانیدا بەشدار دەبێت.
بیرۆکەی پەیوەندییەکی وشکانیی راستەوخۆتر لەنێوان
بەغدا و ئەنقەرەدا بۆ سەردەمی سەددام حوسێن دەگەڕێتەوە. دوای لەدەستدانی کۆنترۆڵی راستەوخۆی بەغدا بەسەر
هەرێمی کوردستاندا، رێڕەوێکی جێگرەوە وەک بژاردەیەکی بازرگانی و ئەمنی خرایە
بەرباس. لە
پاشخانی ئەو بیرۆکەیەدا، هەم خواستی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان دوو حکومەتی
ناوەندی هەبوو، هەم هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەریی دۆخی نوێی کوردستان لەسەر ئەو
پەیوەندییەلە ئارادابوو.
دوای گشپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە 2017، ئۆڤاکۆی بە ناوەڕۆکێکی سیاسی
و ئەمنیی دیارترەوە گەڕایەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
لە نیسانی 2024دا، لێکتێگەیشتنی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات
لەبارەی رێگای گەشەپێدانەوە، رەهەندێکی فراوانتری بە پڕۆژەکە دا. ئۆڤاکۆی لە چوارچێوەی ئەم
نەخشەیەدا بوو بە دەرچەی باکووریی پڕۆژەیەک بۆ بەستنەوەی بەندەری فاو و کەنداو بە تورکیا
و بازارەکانی ئەورووپا. لێکتێگەیشتنەکانی 28ی تەمووز و گفتوگۆکانی دواتری بەغدا و
ئەنقەرە لەسەر گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسنین، بەردەوامیی هەمان ئاراستەن. بەڵام لەنێوان گرنگیی ستراتیژیی پڕۆژەکە و توانای جێبەجێکردنیدا هێشتا بۆشاییەکی
گەورە هەیە. پڕۆژەکە
بە گشتی رووبەڕووی دوو ئاستەنگی سەرەکییە: دابینکردنی سەرمایە و پارەی پێویست بۆی و
دروستکردنی ژینگەیەکی سیاسی - ئەمنی کە بەردەوامیی پرۆژەکە مسۆگەر بکات.
لە رووی داراییەوە، دۆخی ئابووریی ناوچەکە و ئەو
کورتهێنانی بودجەیەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دانی پێدا ناوە، گرفتی بەردەم تێچووی
پڕۆژەکەن. هەرچەند
بەم دواییانە، پارەدانی کۆمپانیا تورکییەکان بە نەوت وەک رێگەچارەیەک باسکراوە.
قەبارەی پڕۆژەکەش ئەو پێداویستییە داراییە روون
دەکاتەوە. بەپێی
پلانی راگەیەنراو، رێگای وشکانی و هێڵی ئاسنینی نزیکەی 1،200 کیلۆمەتر، فاو بە سنووری تورکیاوە دەبەستنەوە. لە دیوی تورکیا، ئۆڤاکۆی بە
ئۆتۆبانێکی 320 کیلۆمەتریبە شانلیئورفاوە دەبەسترێتەوە. رێڕەوی ئاسنینی غازیعەنتاب–ئورفا–ماردین–نسێبین–ئۆڤاکۆیشبە کۆی 501 کیلۆمەترباس کراوە؛ لەوەش نزیکەی 127 کیلۆمەتر لە بەشی نسێبین–جزیرە–ئۆڤاکۆی هێشتا دروستنەکراوە. لە دیوی عێراق، کارەکانی بەندەری فاو و رێگایەکی 63 کیلۆمەتری، بەشێکی دیاری
پێشکەوتنەکانی ئەم پرۆژەیەن بەڵام بۆ تەواوبوونی کۆریدۆرەکە زۆری ماوە. نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاسنینی
هەنووکەیی و دروستکردنی بەشی نوێش کار و سەرمایەی زۆرتری دەوێت. هەر
ئەم بۆشاییەی نێوان نەخشە و جێبەجێکردن، بایەخی رێڕەوەکانی سووریای زیاد کردووە. تورکیا لە نیسانی ئەمساڵدا 352 کیلۆمەترلە هێڵی ئاسنینی غازیعەنتاب–نسێبینی نۆژەنکردەوە و خستییە گەڕ.
لە دیوی سووریاش،رێڕەوی وشکانییئاکچاکەلە–گرێسپی، عەینعیسا و M4 بەرەو تەلکۆچەر–یەعرووبیە،بژاردەیەکی بۆ پەیوەندی راستەوخۆ بە موسڵەوە
رەخساندووە کە واتای دەوردانەوەی هەرێمی کوردستان دەدات. بێشک ئەم پەیوەندییانە دەتوانن پێش تەواوبوونی
تۆڕە گەورەکە بەشێک لە پێداویستیییەکانی گواستنەوە پڕ بکەنەوە، بەڵام دۆخی سنوور،
ئاسایش و رێککەوتنەکانی گواستنەوەی نێوان هەرسێ لایەنی عێراق، سووریا و تورکیا
کاریگەری لەسەر ئەوە دادەنێن. ئەمەش دەمانباتە سەر ئاستەنگی دووەم: بێگومان سەرکەوتنی پڕۆژەکە
تەنیا بە بڕیاری بەغدا و ئەنقەرە مسۆگەر نابێت. ئەنجامی شەڕی ئێران و شێوەی رێکخستنەوەی
هاوسەنگیی ناوچەیی کاریگەریی گرنگیان لەسەر ئەمە دەبێت. ئەگەر ئێران و ئەمریکا بگەنە رێککەوتنێکی
پایەدار، دەشێ تاران هەوڵ بدات پێگەی ئابووری و ئەمنیی خۆی لە عێراق و سووریا
بەهێز بکاتەوە و نفوزی زیادبووی تورکیا هاوسەنگ بکاتەوە. ئەگەر شەڕەکەش فراوانتر بێت، ئەوا دەکرێ تێچووی
ئاسایشی رێگەی گەشەپێدان زیاتر بێت لەوەی کە وێنا کراوە.
لە ناوخۆشدا، چارەسەرنەکردنی پرسی گرووپە
چەکدارەکان، مەترسیی داعش و ناکۆکیی بەغدا و هەولێر دەتوانن کارایی پڕۆژەکە
سنووردار بکەن. شەڕی
ئێران ئەوەی دەرخست کە دەکرێ بە چەکی کەم و سنووردارێشەوە رێڕەوی گەورەی بازرگانی
پەکبخرێت و باڵادەستیی سەربازیش بەشی پاراستنی رێڕەوێک نەکات وەک ئەوەی کە لە
هورمز روویدا/روودەدات.
بەشێکی گرنگی گرفتی رێگای گەشەپێدان کە پەیوەندی
بە رۆڵی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان و
جێبەجێکردنی سیستەمی گومرگی ئەلیکترۆنیی ئەسیکودایە، کە تائێستا سازانێکی تەواوی
لەسەر نەکراوە. بۆ
هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە لە کاتێکی هەستیاردا هاتووەتە پێشەوە. کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا و
عێراق، کۆتایی هاوپەیمانیی راستەوخۆی هێزە کوردییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
لە شەڕی دژی داعش، رادەستکردنی نەوت و داهات لەگەڵ بەغدا و ناکۆکیی پارتی و
یەکێتی، پێگەی هەرێمی کوردستانی خستووەتە ژێر گوشار بە کردەوە شتێکی ئەوتۆی بە
دەستەوە نەهێشتووە تا لە دانوستاندنە ناوخۆییەکاندا لەگەڵ بەغدا بە کەڵكی بێت. لەم دۆخەدا، گۆڕانکاری
لەرادەستکردنی داهاتی دەروازەکان و گەڕانەوەی داهاتی گومرک بۆ بەغدا و دواتر
گەڕاندنەوەی بەشێکی بۆ هەرێمی کوردستان، دوایین بزمارێک دەبێت کە هەرێمی کوردستان
زیاتر لە جاران بە بەغداوە دەبەستێت. رەنگە هەر ئەمەش هۆکاری نەسازانەکەی هەردوولا بێت.
.jpg&w=3840&q=75)


