رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی پاش سەرکەوتنی هەڵبژاردەی بەرازیل بەسەر هایتی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، مژدەی ئامادەیی نەیمار داسێلڤای بۆ بەشداریکردن لە یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکەی راگەیاند.
ئەنچێلۆتی رایگەیاند، "نەیمار سبەی بە تەنیا راهێنان دەکات، پاشان رۆژی دووشەممە دەگەڕێتەوە ناو مەشقە بە کۆمەڵەکان و بۆ یارییەکەی بەرامبەر سکۆتلەندا ئامادە دەبێت".
راهێنەری بەرازیل ئاشکرایکردووە کە یاریی داهاتوو وەک وێستگەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی تەماشا دەکات، بۆیە بێبایەخانە لێی ناڕوانێت.
ئەو دەڵێ، "ئێمە بیر لە قۆناخی دەرکردن ناکەینەوە؛ بیر لەوە دەکەینەوە باش یاری بکەین، بەرامبەر سکۆتلەندا ئاستمان بەرز بکەینەوە و یارییەکە ببەینەوە. ئەگەری ئەوە هەیە وەک یەکەمی کۆمەڵەکە سەربکەوین کە ئەمەش دەکرێت بۆ داهاتوو گرنگ بێت، هەروەها بۆ ئەوەی لەم یارییەدا بە باشی ئامادەکاری بکەین. سکۆتلەندا خاڵی بەهێزی خۆی هەیە و کێشەی بۆ مەغریب دروست کرد. بۆیە پێویستە سەرنجمان بخەینە سەر یارییەکە، ئارام و لەسەرخۆ بین و بەردەوام بین لە کارکردن بۆ ئەوەی باشتر ببین".
ئەنچێلۆتی کە یەکەمجارە وەک راهێنەر بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و لە دوو یاریدا، چوار خاڵی کۆکردووەتەوە، پاش یەکسانبوون لەگەڵ مەغریب و بردنەوە لە هایتی دووپاتیدەکاتەوە، چاوی لە دروستکردنی تیپێکی بەهێزە لە پاڵەوانێتییەکەدا، کە هەموو یاریزانانی بەرازیل تێیدا درەوشاوەبن.
کارلۆ دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوان بەرازیلێکی بەهێزیان ئامانجە، نەک مۆندیالێک بۆ درەوشانەوەی یەک ئەستێرە و دەڵێ، "نامانەوێت ئەمە ببێتە مۆندیالی ڤینیسیۆس؛ دەمانەوێت ببێتە مۆندیالی بەرازیل".
بەبردنەوە لە هایتی و دەرکەوتنی هەڵبژاردەکە بەئاستێکی باشەوە، ئەنچیلۆتی گوشارەکانی سەر خۆی کەمکردەوە و دەڵێ، "ئەمە رێک ئەو شتە بوو کە لەم یارییە چاوەڕوانمان دەکرد: کوالێتییەکی باشتر، هەڵەی کەمتر، کاریگەریی زیاتر لە هێرشبردن و کۆنترۆڵی زیاتر لە هێڵی بەرگریدا. پێموایە لە رووی بەرگریشەوە یارییەکی باش بوو".
لەبارەی قۆناخەکانی داهاتووشەوە، راهێنەری سیلیساو، دووپاتیدەکاتەوە کە "بێگومان دەبێت بەرەوپێش بچین، تا ئێستاش خەریکی باشتربوون بووین و لە یارییەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبین، بەڵام پێویستە زۆرترین سوود لە قۆناخی کۆمەڵەکان وەربگرین بۆ ئەوەی کاتێک قۆناخی دەرکردنی راستەوخۆ دەست پێ دەکات، لە بارودۆخێکی زۆر باشدا بین".
لەبارەی پێکانەکەی رافینیاوە لە یارییەکەی ئەمجارەدا، ئەنچێلۆتی دەڵێ، ئەمڕۆ پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت و جۆری پێکانەکەی یەکلادەبێتەوە.
هەڵبژاردەی بەرازیل لە دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکان رووبەڕووی هەڵبژاردەی سکۆتلاند دەبێتەوە.



