رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دوای دۆڕانی بەرامبەر پاریس سانجێرمان دەڵێت "هەڵەی زۆرمان کرد، پێویستە پێداچوونەوە بە هەڵەکانماندا بکەین و پاساو ناهێنینەوە."
فلیک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان، کە بە 2-4 دۆڕان و یەکەم دۆڕانیان بوو لەم وەرزەدا گوتی "پێموایە یارییەکی سەرنجڕاکێش بوو بۆ هەردوو یانە، ئێمە هەڵەی زۆرمان کرد، بەتایبەت لە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپدا سەرکەوتوو نەبووین و بە ئاسانی تۆپەکانمان لەدەستدا، ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە پێداچوونەی تێدابکەین و شرۆڤەی دۆخەکەمان بکەین، بەڵام زۆر شتی باشیشمان بینی."
راهێنەری بلاوگرانا گوتی "ئەمە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بوو، بینیتان پێویستە لە کوێ خۆمان باشتربکەین، پێویستە کارەکان باشتربکەین و کاری لەسەر دەکەین."
هانزی فلیک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە رۆژنامەڤانانی گوت "پێویستە لەوە تێبگەین کە هەڵە روودەدات، چونکە یاریزانەکان ماندوو دەبن، بەڵام ئەوە پاساو نییە، پێموایە ئەوەی تیپەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا کردوویەتی باوەڕپێنەکراوە، پێزانینم بۆ ئەوە هەیە کە پێشکێشیانکردووە، زۆر شتی باشمان لە یارییەکەدا کرد و یارییەکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو، هەمیشە پێویستە لەم یارییانە فێرببین و لەم مانگەدا تۆ ناتوانیت نازناو ببەیتەوە، نازناوەکان لە مانگی پێنجدا بەدەستدەهێنرێن، کەواتە ئەمە ئەو رێگایەیە کە دەمانەوێت کاری پێبکەین، دەمانەوێت بەمشێوەیە لەسەر کارەکەمان بەردەوامبین."
فلیک ستایشی ئاستی پاریس سانجێرمان دەکات و دەڵێت "بەرامبەر مانچێستەر سیتیش گۆڵی زۆریان تۆمارکرد، بۆیە ئەنجامەکە بەوشێوەیە بوو و ئاساییە، بەڵام وەکو ئەوەی پێشتر گوتم شرۆڤەی ئەم یارییە دەکەین، زۆر شتی باشمان بینی، ئەو خاڵانەی تێیدا باشبووین باشتریان دەکەین و ئەوانەشی خراپ بووین هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین، بۆیە من بە نەرێنی بیرناکەمەوە، یارییەکە ئەزموونێکی مەزن بوو و هەلێک بوو بۆ بینینی ئەو شتانەی پێویستە باشتربکرێن و بەدڵنیاییەوە ئەوە دەکەین."
لە گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، پاریس سانجێرمان 4-2 سەرکەوتنی بەرامبەر بارسێلۆنا بەدەستهێنا و ئەمە یەکەم دۆڕانی بارسا بوو لەم وەرزەدا.




