رووداو دیجیتاڵ
داڤید کوجان، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی رێکخستنی تۆپی پێ لە ئینگلتەرا، رایگەیاندووە دەستەکەیان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە، هەر خاوەن یانەیەکی وڵاتەکە ناچار بکات، یانەکەی بفرۆشێت.
ئەو ئاشکرایکردووە، هەمان لیژنە، دەتوانن لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەبارەی سەرپێچییە داراییەکانی سیتی دەستپێبکەن، پاشئەوەی تێهەڵچوونەوەی یانەکە لە بڕیاری تۆمەتبارکردنی بە 114 لادان لە یاسا داراییەکان تەواو دەبێت.
کوجان رایگەیاندووە، لیژنەکەیان خاوەن و گەورە بەرپرسانی یانەکان ناچار بەتاقیکردنەوەی دەستپاکی دەکات بەپێی بنەما تایبەتە پەیڕەوکراوەکانی خۆی، دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە هەر خاوەن یانەیەک بنەماکانی تێدا نەبێت، دووری بخاتەوە.
ئەو بەرپرسە کە ماوەیەکی زۆر نییە، بەپێی یاسای نوێی تۆپی پێ لە ئینگلتەرا دەستبەکاربووە، لە پۆدکاستێکدا رایگەیاندووە، "دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە داوا لە هەر خاوەن یانەیەک بکەین، لە رێگای فرۆشتنەوە، دەست لە موڵکایەتی یانەکەی هەڵبگرێت، ئەگەر پێمانوابوو یانەکە، بەشێوازێکی سەلامەت و یەکسان و گونجاو، یانەکەی بەڕێوە نابات".
کاتێک پرسیار لە کوجان کرا لەبارەی ئەوەی، "ئایا ئەو خاوەن یانەیە دەتوانێت بڵێت نا و لە خاوەندارێتی یانەکە بەردەوام بێت؟"، ئەو گوتی، نەخێر بەهیچ شێوەیەک، ئێمە دەسەڵاتی رەهامان لەو بابەتەدا هەیە".
مانگی حەوتی ئەمساڵ، دەستەی سەربەخۆی رێکخستنی تۆپی پێ، لەپێناو پاراستنی یارییەکە و بەردەوامبوونی ژیانی داراییانەی یارییەکە دامەزرێنرا، دەسەڵاتی گەورە و فراوانی پێدراوە، بۆ سەرپەرشتیکردنی خاوەن یانە و بەڕێوەبەرانی یانەکان و دەستوەردانە نێویان، کاتێک یانەکان رووبەڕووی کێشەی دارایی دەبنەوە.
کوجان لەبارەی دۆسێیەکەی سیتییەوە دەڵێ، چاوەڕێین سەرجەم رێوشوێنەکانی پەیوەست بەدۆسێیەکە تەواو ببێت، بۆ ئەوەی بزانین پێویستە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەستپێبکەین، یان نا.
ئەو دەڵێ، من پێش پێشهاتەکان ناکەوم، تاوەکو هەموو راستییەکان روون نەبنەوە، دوای ئەوە ئیدی بڕیار دەدەین، ئایا لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ دەستپێدەکەین یان نا و دەگەینە کام ئەنجام و دەبێ چ رێوشوێنێک بگرینە بەر.
ئەو دووپاتیکردووەتەوە، دەستەکەی ئەوان، تەنیا چاوی لەسەر ئەو کەسانەیە کە یانەکان بەڕێوەدەبن، پەیوەندی بە بڕیارەکانی پرێمەرلیگ و سزادانی یانەکانەوە نییە.
ئەوەشی خستووەتە روو کە دەستەکەی ئەوان، دەسەڵاتی ئەوەی نییە سزا بەسەر یانەکاندا بسەپێنێت، بەڵکو ئەوە دەسەڵاتی پرێمەرلیگە، کە دەتوانێت پێبژاردن، شکاندنی خاڵ و هەر رێوشوێنێکی دیکە لە دژی یانەکان بگرێتە بەر.
یانەی مانچێستەر سیتی، لەلایەن دەستەی پرێمەرلیگەوە بە 114 لادان لە یاسا و پرەنسیپە داراییەکانی خولەکەوە تۆمەتبارکراوە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە سوورە لەسەر ئەنجامنەدانی هیچ لادانێک و داوای تێهەڵچوونەوەی بە تۆمەتبارکردنەکەدا کردووە.




