رووداو دیجیتاڵ
خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی خولی لالیگا بە تەواوی داوای لێبوردن و دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی رەتدەکاتەوە، دوای ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانەی بەهۆی بەراوردکردنی شێوازی میدیایی یانەی ریال مەدرید بە پڕوپاگەندەی نازییەکان دروستی کردبوو.
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای فەرەنسا، تێباس رەتیکردەوە تۆمەتی بە نازی ناوزەندکردنی خستبێتە پاڵ کەس لە یانەی شاهانە و گوتی "بێگومان کەسم بە نازی ناوزەند نەکردووە، من تەنیا باسی ستراتیژیەتی پەیوەندی و راگەیاندنم دەکرد، تێناگەم بۆچی لەسەر ئەم قسەیە لێپرسینەوەم لەگەڵدا دەکرێت". تێباس ئاماژەی بەوەش کرد رەخنەکانی تەنیا ئاراستەی کەناڵی فەرمیی ریال مەدرید بووە و مەبەستی بەراوردکردنی بیروباوەڕی سیاسی نەبووە.
سەرۆکی لالیگا داواکاریی دەستەی کارگێڕیی ریال مەدریدی بۆ دەستلەکارکێشانەوە بە تەواوی رەتکردەوە، هەروەها دەنگۆی ئەگەری سزادانی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیاوە بە دوورزانی و گوتی "ئەوە شتێکی بێمانا دەبێت بۆ من، ئایا هاووڵاتیی پلە یەک و پلە دوو لە وڵاتدا هەیە؟".
ئەم شەڕە تووندەی لێدوانەکان لە کاتێکدایە کە کەشێکی گرژ بەسەر تۆپی پێی ئیسپانیادا زاڵ بووە، تەنیا چەند رۆژێک پێش ئەنجامدانی یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی ئەم ناکۆکییانە لە دوای یارییەکەش بەردەوامییان هەبێت.




