رووداو دیجیتاڵ
لە خەڵاتێکی سادەی کانزایی لە سەدەی رابردوودا بۆ مەزنترین ئارەزوو و خولیای ئەستێرەکانی جیهان، خەڵاتی باڵۆندۆر لە حەفتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا بە مێژوویەکی پڕ لە کێبڕکێ، دەستوەردانی بەڕێوەبەرانی کار، بایکۆتی یانەکان و هەژموونی رۆناڵدۆ و مێسی تێدەپەڕێت بەر لە راگەیاندنی براوەی ئەمساڵ.
سەرەتاکانی ئەم خەڵاتە زۆر سادە بوون؛ کیڤن کیگان، ئەستێرەی پێشووی ئینگلتەرا کە لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکان دووجار خەڵاتەکەی لەگەڵ یانەی هامبۆرگ بردەوە، بە پێکەنینەوە دەیگوت "کاتێک نرخاندنم بۆ خەڵاتەکە کرد پێیان گوتم تەنیا 10 پاوەند دەکات". مایکل ئۆینیش لە ساڵی 2001 کاتێک لەگەڵ لیڤەرپوول بووە براوەی باڵۆندۆر، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بەر لە یارییەکی چامپیۆنزلیگ هەواڵەکەی پێدرا و تەنانەت هیچ ئاهەنگێکیش سازنەکرا، بەڵکو لە چیمەنی یاریگای ئانفێڵد پێشکەشی کرا. ئەم مێژووە تەواو پێچەوانەی ئەو رێورەسمە شکۆدارەیە بڕیارە رۆژی دووشەممە لە هۆڵی پالادیۆم لە لەندەن، بە فەرشی سوور و بە ئامادەبوونی براندە جیهانییەکان و پەخشی راستەوخۆ بۆ ملیۆنان هاندەر بەڕێوەبچێت.
پاسکال فێرێ، سەرنووسەری پێشووی فرانس فوتبۆڵ لەنێوان ساڵانی 2016 بۆ 2023 دەڵێت "باڵۆندۆر خەڵک شێت دەکات". ئەم خەڵاتە کە لە ساڵی 1956 بە سێر ستانلی ماتیۆس بەخشرا، بەهۆی ململانێی مێژوویی نێوان کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی گۆڕدرا بۆ ئامانجێکی سەرەکی، کاتێک لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2017 نۆ جار دوو پلەی یەکەمی ریزبەندییەکەیان داگیرکرد. ئێستاش بەهرەمەندێکی وەک لامين یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا بە ئاشکرا دەڵێت "خەون بە بردنەوەی یەک باڵۆندۆرەوە نابینم، بەڵکو خەونم بردنەوەی چەندین باڵۆندۆرە".
فێرێ لە کتێبێکیدا تیشک دەخاتە سەر رووە پڕ لە سۆز و هاوکات تاریکەکانی خەڵاتەکە؛ کاتێک لە ساڵی 2018 بە لۆکا مۆدریچی راگەیاند کە بووەتە براوە، مۆدریچ لە بێباوەڕیدا دەستی بە گریان کرد و خۆی بە شایستە نەدەزانی، هاوشێوەی رۆدری لە 2024. لە بەرامبەردا، هەوڵی دەستوەردانی نایاساییش هەبووە؛ بەڕێوەبەری کاری یاریزانێکی بەربژێر داوای لە فێرێ کردووە پشتیوانی بۆ یاریزانەکەی لەنێو لیژنەکەدا دروستبکات، دوای رەتکردنەوەشی زەرفێکی لەسەر مێزەکە بەجێهێشتووە. هەم فێرێ و هەم ڤینسێنت گارسیای سەرنووسەری ئێستا دووپاتیدەکەنەوە کە بەڕێوەبەرانی کار و یانەکان بەردەوام گوشار لە رێگەی دەیان پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بۆ سەر 100 رۆژنامەڤانە دەنگدەرەکە دروستدەکەن تاوەکو دەنگ بە یاریزانەکانیان بدەن.
ململانێی باڵۆندۆر هەندێک جار گەیشتووەتە بایکۆتکردن؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە پێنج جار خەڵاتەکەی بردەوە، کاتێک دەیزانی خەڵاتەکە بەدەستناهێنێت بەشداری لە ئاهەنگەکاندا نەدەکرد و دوای چوونی بۆ یانەی نەسڕی سعودی خەڵاتەکەی بە "خەیاڵ و ساختە" ناوبرد. لە هەمووان پڕدەنگدانەوەتر، بایکۆتی یانەی ریال مەدرید بوو لە ساڵی 2024 کاتێک ڤینیسیۆس جۆنیۆر بە رۆدری دۆڕا، بەرپرسانی ریال مەدرید رۆژێک پێش ئاهەنگەکە زانیارییان دەستکەوت و گوتیان "باڵۆندۆری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) رێز لە ریال مەدرید ناگرێت، ئێمەش ناچینە شوێنێک رێزمان لێ نەگیرێت".
پرۆسەی دەنگدانی ئەم وەرزە لە 28ـی مانگی 9 بە بەشداریی 100 رۆژنامەڤان لە سەرانسەری جیهان بە فەرمی کۆتاییهات و تەنیا دوو بۆ سێ کەس لە جیهاندا ناوی براوەکە دەزانن. کێبڕکێی خەڵاتی پیاوان لەنێوان هاری کەینی هێرشبەری بایرن میونشن، لامين یامالی ئەستێرەی بارسێلۆنا، کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید و ئەستێرەکانی پاریس سانجێرمان وەک خڤیچا کڤاراتسخێلیا و عوسمان دێمبێلێیە، هاوکات لیۆنێل مێسیش لە تەمەنی 39 ساڵیدا لەگەڵ ئینتەرمەیامی لەنێو بەربژێرەکاندایە. بۆ خەڵاتی خانمانیش ئەلێکسیا پوتێیاس بەربژێری سەرەکییە.
رێورەسمی ئەمساڵ بەهۆی بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە رۆژی یەکشەممە بەر لە ئاهەنگەکەی رۆژی دووشەممە سەرنجی زیاتری خراوەتەسەر، لە کاتێکدا باڵۆندۆر دوای 70 ساڵ لە بەخشینی، لە خەڵاتێکی سادەی رۆژنامەوانییەوە بووەتە بەهادارترین دەستکەوتی تاکەکەسی کە ناوبانگ، پێگە و بەهای بازاڕیی ئەستێرەکانی تۆپی پێ بۆ هەمیشە دەگۆڕێت.




