رووداو دیجیتاڵ
لە ژوورێکی بچووکی جلگۆڕینی یاریزانانەوە، لە نێو مەیخانەیەکی خراپەوە بۆ بردنەوەی 4-1 لە مانچێستەر یونایتد لە چامپیۆنزلیگ، کورتکراوەی گەشتی نائاسایی یانەی کۆمۆی ئیتاڵییە بە سەرکردایەتی سیسک فابریگاسی ئیسپانی.
ئەو تیپێکی ژێرکەوتووی خولەکانی خوارەوەی ئیتاڵیای گۆری بۆ یەکێک لە دیارترین چیرۆکەکانی سەرکەوتنی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە ساڵانی رابردوودا.
دوێنێ ئێوارە، لە یارییەکەدا کە فابریگاس پێشتر بەمێژوویی بۆ یانەکەی ناویبردبوو، کۆمۆ لە گەڕی سێیەمی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ، بە 4 - 1 گۆڵ لە یونایتدی بردەوە.
سەرکەوتنەکە، ئەو جیاوازییەی بەرجەستەکرد، کە فابریگاسی ئەستێرەی پێشوو، لە یانەیەکدا دروستیکرد، چەند ساڵێک لەمەوپێش، هەڕەشەی مایەپووچبوون و هەڵوەشانەوەی یەکجاریی لەسەربوو.
نیکۆ پازی ناوەڕاستکاری لاوی ئەرجەنتینی، بەشێکی دیکە لە چیرۆکی سەرکەوتنی لەگەڵ ئەو یانەیەدا نووسییەوە، دووپاتیکردەوە ئەستێرەیەکی دیکەی مەزن، لە دەرگای درەوشانەوە بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەدات.
یادەوەرییەکانی فابریگاس
فابریگاس رادەی ئەو گۆڕانکارییەی ئاشکراکرد، کە یانەکە لە چوار ساڵی رابردوودا بەسەریدا هاتووە، ئەو بارودۆخە وێرانەی بەبیرهێنایەوە کە تیپەکە رووبەڕووی بووەوە، کاتێک ئەو وەک یاریزان پەیوەندی بەتیپەکەوە کرد، پێشئەوەی ببێتە رکابەری گەورەترین یانە گەورەکانی ئەورووپا.
راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت، کاتێک چوار ساڵ لەمەوبەر وەک یاریزانێک گەیشتمە کۆمۆ، یاریزانەکانی یانەکە، لە باڕێکدا جلەکانیان دەگۆڕی، ئەمڕۆ لە چامپیۆنزلیگ یاری دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمڕۆ لەگەڵ دوو پزیشکی تایبەتمەندی فیزیۆتێراپی قسەم دەکرد، پێشتر بەبێ هۆڵی وەرزشی مەشقمان دەکرد، یاریزانەکان لە باڕێکدا مەساجمان دەکرد، لە تەنیشت یەکێک لە یاریگاکانەوە.
سیسک دۆخەکەی ئەوکات بەمەینەتی ناودەبات و دەڵێ، لە دوای کاژێر 12:00ی نیوەڕۆوە، ئیدی کەست لە یانەکەدا نەدەبینی.
لە یاریزانییەوە بۆ راهێنەرێک لە لووتکە
پەیوەندی فابریگاس لەگەڵ کۆمۆ لە ساڵی 2022 دەستی پێکرد، کاتێک ئەو وەک یاریزان پەیوەندی بە تیپەکەوە کرد. لە مانگی حەوتی ساڵی دواتر، ئەو وازی لە تۆپی پێ هێنا و رووی کردە رۆڵی راهێنەرایەتی.
ئەو دواتر، لە مانگی یانزەی هەمان ساڵدا، زیاتر چووە نێو کارەکەوە وەک راهێنەر و بەرپرسیارێتییەکانی مەشقدانی تیپەکەی بەشێوەیەکی کاتی وەرگرت.
سیسک بووە یاریدەدەری مۆرینۆ لۆنگۆی راهێنەری ئەوکاتی تیپەکە. ئەزموونی لەم ماوەیەدا یارمەتیدەر بوو بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لەناو پڕۆژەکەدا، چونکە یانەکە بەردەوام بوو لە گەشتەکەی بەرەو سەرکەوتن بۆ خولی بەرزتری ئیتاڵیا.
لە مانگی حەوتی ساڵی 2024، فابریگاس یارمەتی کۆمۆی دا بۆ بڕینی چەند پلەیەک لە خولی پلە دووی ئیتاڵیا، دواجار پلەی دووەمی ریزبەندی گشتیی خولەکە و سەرکەوتنی بۆ خولی ئیتاڵیای مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە خولی پلە یەکی ئیتاڵیا دابڕابوو.
کۆمۆ لە خولی پلە یەکی ئیتاڵیا
فابریگاس لە هاوینی 2024 بە فەرمی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی وەرگرت. تیپەکە قۆناخێکی نوێی ئاوەدانکردنەوە و گەشەکردنی دەستپێکرد، لەسەر بنەمای فەلسەفەی کۆنتڕۆڵکردن و گوشاری رێکخراو و یارییکردنی بەکۆمەڵ، هاوکات دەرفەتی ئەوەی بە یاریزانە گەنجەکاندا تواناکانیان پێشان بدەن.
زۆری نەخایاند کۆمۆ توانای خۆی بۆ رکابەریکردن لەگەڵ تیپەکانی خولی ئیتاڵیا سەلماند. وەرزی 2024-2025یان لە دە باشترینەکاندا کۆتایی پێهێنا، پێشئەوەی لە وەرزی دواتردا قەڵەمبازێکی گەورە بنێن. لە وەرزی 2025-2026 پلەی چوارەمیان بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا تیپەکە، کورسییەکی بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی مسۆگەرکرد.
پڕۆژەکەی فابریگاس، لە پڕۆژەی یانەیەکی خاوەن خەونی ئیتاڵییەوە، بۆ چیرۆکێکی گەورەی سەرکەوتن لەسەرئاستی ئەورووپا گۆڕا. راهێنەرە ئیسپانییەکە بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی پەیوەست بە گەشەسەندنی خێرای کۆمۆ.
چۆن کۆمۆ لە مانچێستەر یونایتدی بردەوە؟
بەرامبەر مانچێستەر یونایتد، کۆمۆ متمانەی بێوچانیان بە تاکتیکەکانی خۆی پێشاندا. یارییەکەیان بە گوشارێکی زۆرەوە دەستپێکرد و بە سەرکەوتوویی بۆشاییەکانی پشت بەرگریی بەرامبەریان قۆستەوە، یونایتد کێشەیەکی زۆری هەبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی جوڵە خێراکانیان و هەوڵە هێرشبەرییەکانیان.
نیکۆ پاز تەنیا پێویستی بە دوو خولەک بوو، بۆ ئەوەی بە لێدانێکی ورد گۆڵی یەکەمی یارییەکە تۆمار بکات، دواتر لە گێمی دووەمدا گەڕایەوە و لە خولەکی 49دا، گۆڵی دۆڤیکاسی دروستکرد، بەرلەوەی دوای هەشت خولەک، گۆڵی دووەمی خۆی تۆمار بکات.
دوای ئەوەی کۆمۆ بەتەواوی باڵادەستیی خۆی بەسەر یارییەکەدا سەپاند، رامۆن لە خولەکی 76دا گۆڵی چوارەمی تیپەکەی فابریگاسی تۆمارکرد. گۆڵەکەی زیرکزی نەیتوانی هیچ لە دۆخی شکستەکەی یونایتد بگۆڕێت.
ئەو ئامارەی ئۆپتا دوای یارییەکە بڵاویکردەوە، روونیکردەوە دوو تیپەکە چۆن یارییان کردووە، کۆمۆ 11 لێدانی هەبوو، 8 لێدانیان بۆ ناو گۆڵ بوو، بە بەراورد بە 12 لێدانی مانچێستەر یونایتد، کە تەنیا یەک گۆڵی لێبەرهەم هات.
هەروەها ئەم سەرکەوتنە گوزارشت لە سەرکەوتنەکانی فابریگاس دەکات لە دروستکردنی تیپێک کە توانای رکابەریکردنی لەسەر ئاستی ئەورووپا هەبێت، دوای ئەوەی پێشتر کۆمۆ لە یەکەم یاری چامپیۆنزلیگدا بە ئەنجامی 4-1 لە یانەی لایپزیگی بردبووەوە، پێشئەوەی بە ئەنجامی 3-2 بە فاینۆرد بدۆڕێت.
کۆمۆ له خولی ئیتاڵیاش ئاستێکی سەرنجڕاکێش پێشاندەدا و له 7 یاریی یه که میدا 14 خاڵی کۆکردووەتەوە و له پله ی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە.




