رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، ئامادەکارییەکانی بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ دەستپێکردووە، ئامادەسازییەکان ئاماژەی گەورە بەبەدەستهێنانی خەڵاتەکە، لەلایەن ئەو یاریزانەوە دەدەن.
دووشەممەی داهاتوو لە لەندەن، رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆندۆر ئەنجامدەدرێت، لامین بەفەرمی یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە، پاشئەوەی وەرزێکی ناوازەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەڕێکرد.
ڤیکتۆر ناڤارۆی رۆژنامەڤانی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لامین فڕۆکەیەکی تایبەتی بەکرێگرتووە، بۆ گواستنەوەی ئەندامانی خێزانەکەی بۆ لەندەن.
فڕۆکەکە بڕیارە بەتایبەت، کەسە نزیکەکانی لامین لە بارسێلۆناوە بگوازنەوە لەندەن، پێشبینیکراوە دایک و نەنکی لامین، لەگەڵ ئینیس گارسیای نوێترین کچەهاوڕێی ئەو یاریزانە، بەو فڕۆکەیە گەشت بکەن.
لە بەرامبەردا، یانەی شاندی یانەی بارسێلۆنا، بەفڕۆکەیەکی دیکەی تایبەت گەشتی پایتەختی ئینگلتەرا دەکەن، کە ژمارەیەک یاریزانی تیپەکانی کچان و کوڕانی یانەکەی تێدا دەبێت، لەگەڵ سەرۆکی یانەکە، خوان لاپۆرتا.
بارسێلۆنا پێشبینیدەکات، ژمارەیەکی بەرچاوی یانەکە، خەڵاتە جیاوازەکانی رێوڕەسمەکە بەدەست بهێنن، پاشئەوەی زۆرینەیان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، مۆندیالی 2026یان بردەوە.
سەرچاوەکان هەنگاوەکەی لامین، بەئاماژەیەکی بەهێز بۆ دڵنیابوونەوە لەوە دووپاتدەکەنەوە، کە ئەو بووەتە براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر، هەربۆیە بەتایبەت گەشت بۆ رێوڕەسمەکە دەکات.
لامین لەگەڵ هەریەکە لە هاری کەین، کیلیان ئێمباپێ، لیۆنێل مێسی و عوسمان دێمبێلێ، رکاربەرییەکی بەهێزدەکات، لەپێناو بەدەستهێنانی خەڵاتی ئەمساڵی باڵۆندۆر.
وەشانی ئەمساڵی باڵۆندۆر، رکابەرییەکی تووندی نێوان بەربژێرەکان بەخۆوە دەبینێت، پاشئەوەی هەڵسەنگاندنی یاریزانە بەربژێرەکان بۆ خەڵاتەکە، بەسترایەوە بە دەستکەوتی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ لەماوەی وەرزەکەدا، لەگەڵ کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی تیپەکانیان لە پاڵەوانێتییەکاندا.
باڵۆندۆری ئەمساڵ، دەبێتە یەکەم باڵۆندۆر کە لە دەرەوەی فەرەنسا رێوڕەسمەکەی ئەنجامدەدرێت و هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕینی 70 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی دابەشکردنی ئەو خەڵاتە.




