رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولی عێراق بەردەوامبێت.
نەورۆز ئەم ئێوارەیە کاژێر 16:30 لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی دیالە یاریی دەکات و پێویستیی بە ئامادەبوونی هاندەرانە بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکە لە خولەکەدا.
یانە کوردستانییەکەی سلێمانی، دوو یاریی رابردووی بەسەریەکەوە بردووەتەوە، لە 7 یاریی رابردوودا نەدۆڕاوە، تیپەکە بەدرێژایی ئەم وەرزە کەمترین گۆڵی لێکراوە و هەشت کلین شیتی لەم وەرزەدا هەیە.
نەورۆز بەبردنەوەی ئەم یارییە و هەژمارکردنی سێ خاڵی یارییەکەیان بەرامبەر تەڵەبە، دەبێتە رکابەرێکی سەرەکی لەسەر پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
دیالە لەم وەرزەی خولەکەدا سێ یاریی بردووەتەوە، سێ جار یەکسانبووە و چوار یاریی دۆڕاندووە، نەورۆر بەرامبەر ئەو یانەیە چوارجار یارییکردووە، سێجار لێی بردووەتەوە، جارێک یەکسانبوون و هیچ یارییەکی بەرامبەر یانە پرتەقاڵییەکە نەدۆڕاندووە.
یانەی نەورۆز پێش یارییەکە لە پەیجە فەرمییەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیادا داوای پاڵپشتیی هاندەرانی دەکات، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەیەکی دیکە بکات.




