رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە کلاسیکۆ، جارێکی دیکە رکابەریی نێوان هەردوو جەمسەرە سەرەکی و مێژووییەکەی ئیسپانیا، جارێکی دیکە بارسێلۆنا و ریال مەدرید، هەموو سەرنجەکان دەبەنەوە سەر یارییەکی دیکەی نێوانیان.
ئەمشەو کلاسیکۆی ئیسپانیایە، لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەمی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا میوانداریی ریال مەدرید دەکات، کلاسیکۆیەک بۆ بارسا بردنەوە تێیدا دووپاتکردنەوەی باڵادەستییە و بۆ ریال مەدرید بردنەوە تێیدا مانای گەڕانەوەیە.
یارییەکە کاژێر 23:00 بەڕێوەدەچێت، چاوی ملیۆنان هاندەر لەسەر یاریگای کامپ نوی بارسێلۆنا دەبێت بۆ بردنەوەی تیپەکەی ببینێت.
پێش کلاسیکۆ لەسەر ئاستی ناوخۆ، بارسێلۆنا لە دۆخێکی نایابدایە، هیچ یارییەکی لە خولەکەدا نەدۆڕاندووە، 9 یاریی رابردووی بەدوای یەکدا لە لالیگادا بردووەتەوە، 27 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە.
ریال مەدرید لەم وەرزەدا لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ 2 یاریی بەرامبەر یانەکانی ریال بێتیس و ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕاندووە، ئێستا بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ یانەی شاهانە لە پلەی سێیەمی لالیگایە.
بارسا خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە و تاوەکو ئێستا 39 گۆڵی تۆمارکردووە، هەر تیپێک رووبەڕووی بووبێتەوە، کەمتر لە 2 گۆڵی لێنەکراوە، بەڵام دۆڕانی یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان، هاندەرانی تیپەکەی نیگەرانکرد، بەتایبەت کە ئەو یارییە پێش کلاسیکۆیە.
ریال مەدرید پێش کلاسیکۆ دوو یاریی بەدوای یەکدا، بە ئاست و ئەنجام بردەوە، لە لالیگادا چوار گۆڵی بەرامبەر سێڤییا تۆمارکرد و لە چامپیۆنزلیگدا چوار گۆڵی لە لایپزیگ کرد، ئەوە متمانەی بە تیپەکەی مۆرینیۆ زیاتر کرد.
ڤینیسیۆس جونیۆر، دیارترین یاریزانە کە ئەمشەو لە کلاسیکۆدا یاریی ناکات، بەهۆی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێنراوە.
لە بارسێلۆنا، دانی ئۆلمۆ، ئێریک گارسیا و ژول کۆندێ بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام فرێنکی دییۆنگ بەتەواوی ئامادەیە و گەڕاوەتەوە.
لە یارییەکەدا زۆر ئەستێرە هەن، چاوی زۆریان لەسەر دەبێت، لە بارسێلۆنا رافینیا درەوشاوەترینی ئەم وەرزەیە و تاوەکو ئێستا لە 8 یارییدا 12 گۆڵی تۆمارکردووە و پێشەنگی گۆڵکارانی لالیگایە، 3 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
لە ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یەکەمە، 9 گۆڵی لە 9 یارییدا تۆمارکردووە و 2 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.
جگە لەم دوو یاریزانە، جیهان چاوەڕێی جولە و دەرکەوتنە سەرنجڕاکێش و چێژبەخشەکانی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا و ئاردا گولەر، ئەستێرەی درەوشاوەی ریال مەدرید دەکات و ئەو دوو یاریزانەش لە یارییەکەی ئەمشەودا سەرنجی زۆریان لەسەر دەبێت.
لە مێژووی لالیگادا، هەردوو جەمسەرە گەورەکەی ئیسپانیا، 192 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، ریال مەدرید خاوەنی 80 بردنەوە و 309 گۆڵە، بارسێلۆنا 77 یاریی بردووەتەوە و 312 گۆڵی تۆمارکردووە.
35 یاریی نێوان هەردوو یانە بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
چەند ئامارێکی سەرنجڕاکێش پێش کلاسیکۆی ئەمشەوی بارسێلۆنا و ریال مەدرید
* بارسێلۆنا 9 یاریی رابردووی بەسەریەکەوە لە لالیگادا بردووەتەوە، بەمەش ریکۆردی سەرەتای وەرزی لەگەڵ ریال مەدرید بۆ بردنەوەی زۆرترین یاریی لەسەریەک یەکسانکردەوە، یانەی شاهانە لە وەرزی 1968-1969 ئەو ریکۆردەی تۆمارکردبوو.
* بارسێلۆنا 39 گۆڵی لە 9 گەڕی لالیگادا تۆمارکردووە، ئەمە بەرزترین رێژەی گۆڵە لە دوای 9 یاریی، دوای یانەی سێڤییا کە لە وەرزی 1940-1941 ئەو یانەیە 42 گۆڵی تۆمارکردبوو.
* بارسێلۆنا لەم وەرزەدا 5 یاریی لە یاریگای خۆی ئەنجامداوە، هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و 22 گۆڵی لەو پێنج یارییەدا تۆمارکردووە.
* لامین یامال، لە دوایین شەش یاریی لالیگادا 8 گۆڵی کردووە و شەش ئەسیستی هەیە.
* یانەی ریال مەدرید لە 12 یاریی رابردوودا بەدوای یەکدا گۆڵی بەرامبەر بارسێلۆنا تۆمارکردووە.
* ئێمباپێ لە کاروانی یارییکردنیدا 10 یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا ئەنجامداوە، 12 گۆڵی تۆمارکردووە.
* ریال مەدرید لە دوایین 10 یارییدا بەرامبەر بارسێلۆنا 7 یاریی دۆڕاندووە.
* جۆزێ مۆرینیۆ 27 جار بەرامبەر بارسێلۆنا یارییکردووە، 10 یاریی دۆڕاندووە، 8 بردنەوە و 9 یەکسانبوونی هەیە.
* هانزی فلیک، 7 یاریی کلاسیکۆی وەکو راهێنەری بارسێلۆنا بەرامبەر ریال مەدرید کردووە، 6 یاریی بردووەتەوە و تەنیا 1 یاریی دۆڕاندووە.




