رووداو دیجیتاڵ
هاری کەین، کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و هێرشبەری یانەی بایرن میونشن، لە ئاهەنگی باڵۆندۆری 2026 هەموو سەرنجەکانی نمایشەکەی دزی، دوای ئەوەی دوای سەرکەوتنەکەی پەیامێکی دڵسۆزانەی پڕ لە سۆزی ئاراستەی کەیت گودلاندی هاوژینی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەویش هیندەی خۆی شایەنی خەڵاتەکە بووە، دانی بە پشتیوانی و قوربانیدانی بێوچانی ئەودا نا بەدرێژایی کاروانی تۆپی پێی.
لە پەیامەکەیدا. کەین گوتی، بۆ هاوژینەکەم، کەیت، باشترین هاوڕێم، تۆ گەورەترین لایەنگریی منیت و تۆ لە من زیاتر شایەنی ئەم خەڵاتەیت، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو کارانەی کە بۆ من کردووتە.
هێرشبەرە ئینگلیزەکە زیاتر گوتی "تۆ هەمیشە باشترینت بۆ من دەویست و قوربانی زۆرت داوە بۆ ئەوەی یارمەتیم بدەی بۆ گەیشتن بە خەونەکانم، ئەمە بەبێ تۆ نەدەکرا، تۆ باشترین هاوبەشی کە تاوەکو ئێستا هەمبووە، زۆر خۆشم دەوێیت".
قسەکانی کەین کاردانەوەی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڤیدیۆ کلیپەکەی کە قسە لەبارەی رۆڵی هاوژینەکەی دەکات لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا، ئەمەش گوزارشتە لە پێزانینی قووڵی ئەو بۆ رۆڵەی لە گەشتەکەیدا بۆ لووتکەی تۆپی پێی جیهان بینیویەتی.
کەیت گودلاندی هاوژینی هاری کەین کێیە؟
کەیت گودلاند لە رۆژانی خوێندنەوە لە لەندەن هاوڕێی منداڵی هاری کەین بووە. هاوڕێیەتییان لە تەمەنی هەرزەکاریدا دروستبووە و بووە بە رۆمانسیەت.
ئەو دوو هاوژینە لە شاری چینگفۆرد لە ەۆژهەڵاتی لەندەن گەورە بوون و لە هەمان قوتابخانە خوێندوویانە. ئەوان لە تەمەنی 16 ساڵییەوە دەستیان بە پەیوەندی خۆشەویستی کردووە، کەیت بەردەوام لە ژیانی هێرشبەرە ئینگلیزییەکەدا بووە، لە یاریزانێکی گەنجەوە کە خەونی بە ژیانی پیشەگەرییەوە دەبینێت تاوەکو دەگاتە یەکێک لە هێرشبەرە دیارەکانی جیهان.
لە ساڵی 2017 کەین لە کاتی پشوویەکدا لە باهاماس پێشنیازی هاوسەرگیری بۆ کەیت کرد. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2019 هاوسەرگیریان کرد، دوای پەیوەندییەکی درێژخایەن کە پێش ئەوەی ناوبانگێکی جیهانی بەدەستبهێنێت دەستیپێکرد.
هاوژینەکەی هاری کەین چی دەکات؟
کەیت گودلاند لە زانکۆی میدلێسێکس لە بەریتانیا زانستی وەرزشی خوێندووە و لە ساڵی 2014 دەرچووە، دواتر لە پیشەسازی لەشجوانی و راهێنانی وەرزشیدا کاری کردووە.
سەرەڕای ناوبانگێکی بێئەندازەی هاوژینەکەی، کەیت ئامادەبوونی خۆی پاراست، سەرنجی لەسەر ژیانی پیشەیی و ژیانی خێزانەکەی بوو، هەروەها بەشداری لە بۆنە گرنگەکانی تۆپی پێدا کرد بۆ پشتگیریکردنی کەین بە درێژایی ژیانی وەرزشیی یانەکەی و ئینگلتەرا.
یاریزانە ئینگلیزییەکە زۆرجار ستایشی رۆڵی خێزانەکەی کردووە لە یارمەتیدانی پاراستنی هاوسەنگییەکەی دوور لە فشارەکانی تۆپی پێ، لە هەڤپەیڤینەکانی پێشوودا رایگەیاندووە کە بەختەوەرە لەگەڵ خۆشەویستەکەی منداڵیدا بووە، کە پێش ئەوەی بگاتە ئەستێرەیی ناسیویەتی.
کەین و کەیت چەند منداڵیان هەیە؟
هاری کەین و کەیت گودلاندی هاوژینی خاوەنی چوار منداڵن کە بریتین لە ئەیڤی، ڤیڤین، لویس و هێنری، کە بەشێکی دانەبڕاون لە ژیانی کاپتنی ئینگلتەرا لە دەرەوەی یاریگا.
خێزانەکە روویان لە میونشنی ئەڵمانیا کرد، دوای ئەوەی کەین لە هاوینی 2013 پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، ئەمەش لاپەڕەیەکی نوێی لە ژیانیان دەستپێکرد، چونکە هێرشبەرە ئینگلیزییەکە بەردەوام بوو لە کێبڕکێکردن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی ناوخۆیی و کیشوەری.
لەگەڵ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆری 2026، کەین حەزی دەکرد جەخت لەوە بکاتەوە کە دەستکەوتەکە تەنیا هی خۆی نییە، بەڵکو هاوژینەکەیشی لەخۆگرتبوو، کە لە منداڵییەوە لەگەڵیدا بووە و بەدرێژایی گەشتە دوور و درێژەکەی بەرەو گەیشتن بە خەونی تۆپی پێ پاڵپشتی کردووە.




