رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا دوای دوو شکستی لەسەریەکی بەئازار بەرامبەر یانەکانی پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید، هەوڵەکانی بۆ گێڕانەوەی متمانە لە رێگەی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی گۆشتبرژاندن و چارەسەرکردنی قەیرانی پێکانەکانی هێڵی بەرگری چڕکردووەتەوە.
یانە کەتەلۆنییەکە لە ماوەی پێنج رۆژدا تووشی دوو دۆڕانی گەورە هات؛ سەرەتا بە ئەنجامی 2-4 لە چامپیۆنزلیگ بە پاریس سانجێرمان دۆڕا، پاشان لە کلاسیکۆدا لەسەر یاریگای کامپ نو بە ئەنجامی 1-2 بەرامبەر ریال مەدرید تووشی شکست هات.
هانزی فلیکی راهێنەر ئاماژەی بەوەکرد ماندووبوون و نەبوونی پشووی پێویست هۆکاری سەرەکی بوون، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی کەشوهەوای خراپەوە فڕۆکەکەیان لە فڕۆکەخانەی سێڤییا بۆ ماوەی سێ کاژێر پەکیکەوت و ناچارببوون شەوێک لەو شارە بمێننەوە بەر لەوەی راستەوخۆ بەرەو پاریس بفڕن. فلیک گوتی "روونبوو کە لە رووی جەستەییەوە ئامادە و تێرپشوو نەبووین، بەڵام نامەوێت بیانوو بهێنمەوە، دەبێت ئەم دۆخە بگۆڕین".
فلیک دوو رۆژ پشووی بە یاریزانەکانی دا، لەو ماوەیەشدا خوان لاپۆرتای سەرۆک لەگەڵ لامين یامال، رۆدری و خوان گارسیای گۆڵپارێز گەشتی لەندەنیان کرد بۆ ئامادەبوون لە رێورەسمی باڵۆندۆر، کە تێیدا یامال پلەی سێیەمی بەدەستهێنا لەدوای هاری کەین و کیلیان ئێمباپێ. راهێنەرە ئەڵمانییەکە داوای لە یاریزانەکانی کرد لە ماوەی پشوودا بە باشی پشوو بدەن تاوەکو بە خێرایی جەستەیان بۆ یارییەکان چاکببێتەوە.
گەورەترین کێشەی پێکهاتەکەی بارسێلۆنا هێڵی بەرگرییە؛ بەهۆی پێکانی چاڤی ئیسپارت و هەروەها ئێریک گارسیا، ژول کوندێ و ئەندریاس کریستێنسن لە لیستی پێکراواندا، تەنیا چوار بەرگریکاری سەرەکی بەردەستن. فلیک بۆ چارەسەری ئەم کەموکوڕییە بیر لە بەکارهێنانی فرێنکی دییۆنگ لە دڵی بەرگریدا دەکاتەوە، یان پشتبەستن بە لاوانی ئەکادیمیای لاماسیا وەک ئەلێکس کامپۆس و حافیز غەریبا.
بۆ بەرزکردنەوەی ورەی تیپەکە بەر لە یارییەکانی بەرامبەر ئالاڤێس، ئاستۆن ڤێلا و ئاتلێتیکۆ مەدرید، یاریزانان و دەستەی راهێنەران لە سەنتەری مەشقی خوان گامپەر کۆبونەوەیەکیان بۆ گۆشتبرژاندنیان رێکخست بۆ دروستکردنەوەی کەشێکی ئەرێنی.
بارسێلۆنا سەرەڕای ئەم دوو شکستە، هێشتا بە جیاوازیی دوو خاڵ لە پێش ئاتلێتیکۆ مەدرید و سێ خاڵ لە پێش ریال مەدرید لە پێشەنگی لالیگادا ماوەتەوە.



