رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی سیاسیی نوێدا، لیژنەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ کاروباری چین، پشتیوانی لە کیلیان ئێمباپێ دەکات، بەرامبەر چینییەکان و رایدەگەیێنێت نەدەبوو ئەو ئەستێرە فەرەنسییە داوای لێبوردن بکات لەسەرئەوەی ماو تسی تۆنگی بە دیکتاتۆر ناوبردووە.
لیژنەی کاروباری چین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا، داکۆکی لە کیلیان ئێمباپێی یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کرد، پاشئەوەی چینییەکان رێوشوێنی تووندیان لە دژی ئەو یاریزانە و یانەی ریال مەدرید و لالیگا گرتە بەر، پاشئەوەی دەرکەوت لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، کیلیان، ماو تسی تۆنگی سەرۆکی پێشووی چین، بە دیکتاتۆر ناودەبات.
ئەگەرچی هەر سێ لایەنی پەیوەندیدار، داوای لێبوردنیان لە گەلی چین کرد، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە سوورە لەسەر بایکۆتکردنی مامەڵەی کۆمپانیاکانی لەگەڵیان و لەو چوارچێوەیەشدا، تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چین، گواستنەوەی یارییەکانی لالیگای راگرت.
لیژنەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێ، "ئەستێرەی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ، کیلیان ئێمباپێ نەدەبوو داوای لێبوردن بکات، ماو دیکتاتۆر بوو و بە بەراورد بە لێدوانی یاریزانێکی تۆپی پێ، زیانێکی بێشوماری بە گەلی چین گەیاند، سیاسەتە کارەساتبارەکانی بوونە هۆی کوژرانی دەیان ملیۆن هاووڵاتیی چینی لە شۆڕشی کولتووری و برسییەتییە گەورەکەدا".
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتدارانی چین لە ساڵی 1921ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، گەلی چینیان لە سەرەتاییترین مافەکانی وەک ئازادیی رادەربڕین و باوەڕ بێبەش کردووە، لە کاتێکدا ئەو ماف و ئازادییانەی ئێمباپێ لە جیهاندا هەیەتی، دەبوو دەرفەتێک بێت بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان دەربارەی ئەو مێژووە.
لیژنەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا بە تووندی رەخنەی لەو کۆمپانیا بازرگانییانە گرت، کە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان لە چین، داوای لێبوردنیان کرد و گوتی "شەرمەزاریی راستەقینە لەم رووداوەدا ئەوەیە کۆمپانیا بازرگانییەکان، بە پەلە داوای لێبوردن دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی بەردەوامی بە بازرگانییەکانیان بدەن لە چین".
حکومەتی چین، ئەگەرچی گوتوویەتی لە رووداوەکەدا، داوای لێبوردنەکەی ئێمباپێ لەبەرچاو دەگرین، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری راگرتنی پەخشی یارییەکانی لالیگا و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان، بەردەوامە.



