رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی وانەکانی مێژوو و جوگرافیا لە گوندێکی فەرەنسی، رایگەیاندووە ئەو وێنە تێکەڵکراوەکەی ئێمباپێ و ماو تسی تۆنگی دروستکردووە، کە بەهۆیەوە کیلیان ئێمباپێ کەوتووەتە کێشەیەکی گەورەوە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی چین.
کێشەی نێوان ئێمباپێ و چینییەکان، ئەوکات سەریهەڵدا کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا، یاریزانە فەرەنسییەکە بەگاڵتەوە باسی وێنەیەکی تێکەڵکراوی خۆی و ماو تسی تۆنگ دەکات و دەڵێ، ئەوە دیکتاتۆرەکەی چینە.
رۆژنامەی 'لاڤانگاردیا'ی فەرەنسی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئەو مامۆستا فەرەنسییەدا کردووە کە بە 'زا سیڤی 76' ناوی هێناوە و ئەو مامۆستایە ئاشکرایکردووە، ئەو دیزاینەری وێنەکەی ئێمباپێ و ماوە.
مامۆستاکە دەڵێ، من دوور لە پاریس دەژیم، بەڵام هاندەری پاریس سانجێرمانم لە منداڵییەوە. کاتێک ناکۆکی لە نێوان کریستۆڤ گالتێی راهێنەری پێشووی یانەکە و کیلیان ئێمباپێ دروستبوو، پێموابوو کیلیان وەک دیکتاتۆرێک هەڵسوکەوت دەکات.
دوای ئەوە، کەسێکی دیکەی بەناوی محەمەد هنی، سەری ئێمباپێی بۆ بازاڕکردن بۆ چێشتخانەکەی خۆی بەکارهێنا، یاریزانە بەفەرمی سکاڵای لەسەر تۆمارکرد و دوای ئەوە، ئیدی باسوخواسی ناوبردنی کیلیان بە دیکتاتۆر لە سۆشیال میدیادا زۆر پەرەی سەند و دەیان شتی جیاواز دروستکران لە پێکچواندنی کیلیان بە دیکتاتۆرەکانی جیهان.
پیاوە فەرەنسییە تەمەن 35 ساڵانەکە دەڵێ، بەفۆتۆشۆپ ئیشەکەم کرد و چەند کاژێرێکم پێویست بوو، دواتر وێنە تێکەڵکراوەکەم دروستکرد و ناردم بۆ برادەرەکانم، بەڵام زۆر بەخێرایی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە.
ئەو گوتوویەتی، ماو تسی تۆنگ، یەکەم کەسبوو کە بەخەیاڵمدا هات، کاتێک بیرم لە دیکتاتۆریەتی ماو تسی تۆنگ کردەوە. ئەوم هەڵبژارد لەبەرئەوەی پێموابوو، کیلیان جگە لە ناوی مبۆتۆی سەرکردەی کۆنگۆی دیموکرات، ناوی دیکتاتۆرەکەی چینی نەبیستبوو.
مامۆستاکە دەڵێ، لەبەرئەوەی مامۆستای دوو وانەی جیاوازم و شارەزاییم هەیە، پێموایە دۆخەکە زۆر جێگای سەرنجدانە، چونکە ماو ئەگەرچی دامەزرێنەری کۆماری چینی نوێیە، بەڵام لە زۆر شوێن و وڵات، وەک دیکتاتۆرێک تەماشا دەکرێت و ئەوەم بەلاوە سەیرە کە کاتێک وێنەکەم دروستکرد، هیچ هەرای لێنەکەوتەوە، کەچی ئێستا بووەتە بابەتێکی زۆر گەرم.



