رووداو دیجیتاڵ
لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کە لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا میوانداریی شەش یانەی گەورە دەکات، تەنیا مەیدانی کۆکردنەوەی سێ خاڵی یارییەکان نییە، بەڵکو گۆڕەپانی دەیان ساڵە لە دوژمنایەتی، کێبڕکێی ناوچەیی، گواستنەوەی پڕ لە مشتومڕ و ململانێی مێژوویی کە تۆپی پێی ئەو شارەی دابەشکردووە.
لەندەن یەکێکە لەو پایتەختە دەگمەنانەی کە دەیان یانەی جیاواز لە خۆ دەگرێت و هەر یانەیەکی شارەکە، ململانێ و رکابەریی تووندی لەگەڵ یانەکانی دیکەدا هەیە و زۆرجار روویداوە، کێشەکان بۆ پێکدادانی نێوان هاندەران، پەڕیونەتەوە.
میدیای بەریتانیا، لە راپۆرتێکی شیکاریدا، تیشکی خستووەتە سەر نەخشەی ئەو دوژمنایەتییانەی کە، لەنێوان یانەکانی لەندەندا دروستبوون و چۆنیەتی سەرهەڵدانیان بەپێی بۆچوونی هاندەران و رۆژنامەڤانانی شارەزا.
بۆ ئارسیناڵ، تۆتێنهام دوژمنی یەکەمە
تۆتێنهام هوتسپێر لە پێشەنگی رکابەرە مێژووییەکانی ئارسیناڵدایە؛ هەرچەندە دووریی نێوان یاریگای هەردوو یانە، تەنیا زیاتر لە شەش کیلۆمەترە، بەڵام ئەم دوورییە کەمە، مێژووی سەدەیەک لە کێبڕکێ دەشارێتەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1913، کاتێک ئارسیناڵ لە باشووری لەندەنەوە رووی لە باکووری شارەکە کرد.
ئەم دوژمنایەتییە لە ساڵی 2001 بە گواستنەوەی سۆڵ کامپڵ بۆ ئارسیناڵ گەیشتە لووتکەی ناپاکی لای هاندەرانی سپێرز، لە هاوینی 2025ـیش بە پەیوەندیکردنی ئیبێریچی ئیزی بە تۆپچییەکان و تۆمارکردنی 5 گۆڵ لە دوو دێربیدا بەرامبەر تۆتێنهام، برینەکانی قووڵتر کردەوە. هاوکات کێبڕکێ لەگەڵ چێڵسی لە ساڵی 2003ـەوە دوای هاتنی رۆمان ئابرامۆڤیچی خاوەنی پێشووی یانەکە، بووە کێبڕکێی راستەوخۆ لەسەر نازناوە گەورەکان و باڵادەستی لە ئەورووپا، لە کاتێکدا کێشە لەگەڵ وێستهام کەمترە و تەنیا لە گواستنەوەی دیکلان رایسدا گرژی بەخۆیەوە بینی.
تۆتێنهام، زۆرترین رقی بەرامبەر ئارسیناڵە
بۆ هاندەرانی تۆتێنهام، رقیان لە هیچ یانەیەک ناگاتە ئاستی رقیان بۆ ئارسیناڵ، بەڵام چێڵسی وەک دووەم گەورەترین رکابەر دەبینن، کە بەهۆی یارییە تووندەکانی نێوانیان و گواستنەوەی راهێنەران لەنێوانیاندا مێژوویەکی پڕ لە کێشەی هەیە.
لە بەرامبەردا، کێبڕکێ لەگەڵ وێستهام بۆ هاندەرانی گرنگترە تاوەکو تۆتێنهام، بەڵام وەرزی رابردوو کاتێک هەردوو یانە لە جەنگی مانەوە لە پرێمەرلیگدا بوون و وێستهام دابەزی و سپێرز مایەوە، رەهەندێکی نوێی وەرگرت.
چێڵسی و دروشمی رقمان لە تۆتێنهامە
جگە لە رکابەریی وەرزشی لەگەڵ ئارسیناڵ لەسەر نازناوەکان، دوژمنی مێژوویی هاندەرانی چێڵسی یانەی تۆتێنهامە. ئەم ناکۆکییە لە ساڵانی شەستەکانەوە سەریهەڵداوە، دوای گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەک و پاشان دۆڕانی چێڵسی لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا لە ساڵی 1967 بەرامبەر تۆتێنهام، کە تێیدا پشێوی گەورە لە دەرەوەی یاریگای وێمبڵی دروستبوو.
لەو کاتەوە دروشمی "ئێمە رقمان لە تۆتێنهامە" بووەتە نەریتی سەرەکی هاندەرانی بلووز لە یاریگای ستامفۆرد بریج. هەروەها دێربی لەگەڵ وێستهام بەهۆی هێڵی شەمەندەفەری 'دیسترێکت' کە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی شارەکەی دەبەستەوە مێژوویەکی درێژی هەیە.
برێنتفۆرد و ململانێی نوێ لەگەڵ فولهام
دوو یانەی دیکەی لەندەنی پایتەختن، ئەوانیش مێژوویەکیان لە رکابەریی لەنێواندا هەیە.
برێنتفۆرد مێژوویەکی زۆر تاڵی لەگەڵ یانەی کوینز پارک رێنجەرز هەیە؛ لە ساڵی 1967 بەهۆی تەنگژەی دارایی، دەستەی کارگێڕیی یانەکە خەریکبوو یاریگای یانەکەیان بە کوینز پارک بفرۆشن کە بە مانای نەمانی برێنتفۆرد دەهات، بەڵام راپەڕینی هاندەران یانەکەی لەو چارەنووسە تاڵە رزگارکرد.
ئێستا دوای سەرکەوتنیان بۆ پرێمەرلیگ، فولهام بووەتە گەورەترین رکابەری ناوخۆییان لە رۆژئاوای لەندەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 لە یاریی پێشەکیی سەرکەوتن لە یاریگای وێمبڵی بە فولهام دۆڕان.
فولهام، برێنتفۆرد بەئازارترین دۆڕانە
هەرچەندە فولهام بە دراوسێی ئارامی لەندەن ناسراوە، بەڵام هاندەرانی چێڵسی بە رکابەری مێژوویی دەزانن، کە هەمیشە بردنەوە لێیان قورس بووە، هەرچەندە لە چوار ساڵی رابردوودا سێ بردنەوەیان بەرامبەر تۆمارکردوون. بەڵام لە دوای ساڵی 2020ـەوە، دۆڕان بەرامبەر برێنتفۆرد بە ئازارترین دۆڕان دادەنرێت بۆ هاندەرانی فولهام بەهۆی هەڵکشانی خێرای دراوسێکەیان لە پرێمەرلیگدا.
کریستاڵ پاڵاس بەرامبەر میلواڵ
لە باشووری لەندەن، گەورەترین و تووندترین دوژمنایەتیی کریستال پاڵاس لەگەڵ یانەی میلواڵە، بەهۆی نزیکیی جوگرافی و مێژووی پڕ لە گرژی لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا. دوژمنایەتی لەگەڵ چارڵتۆن ئاتلێتیک لە پلەی دووەمدایە کە لە ساڵی 2004 بە ئاهەنگگێڕانی چارڵتۆن بۆ دابەزینی پاڵاس دەستیپێکرد، لە کاتێکدا پەیوەندی لەگەڵ وێستهام کەمتر تووندە.
ئەم نەخشەیە دەیسەلمێنێت کە لەندەن بە چەندین دێربیی ناوخۆیی و رقی مێژوویی تەنراوە، کە تێیدا گواستنەوەی یاریزانان، کێشەی نێوان هاندەران و کێبڕکێی جوگرافی و مێژوویی سنووری ئەنجامی نێو یاریگایان تێپەڕاندووە.




