رووداو دیجیتاڵ
سزای بەندکردن بۆ ماوەی حەوت ساڵ، بەسەر هاندەرێکی دەستەی ئاڵتراسی یانەی نیویلز ئۆڵد بۆیزی ئەرجەنتینیدا سەپێنرا، پاشئەوەی تۆمەتبارکرا بە هەڕەشەکردن لە ئانخێل دیماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە ساڵی 2024.
هەڕەشەکردنەکە هاوکاتبوو لەگەڵ گەڕانەوەی دیماریا بۆ ئەرجەنتین و پۆشینەوەی درێسی یانەکەی منداڵی.
دادگایەکی شاری رۆزاریۆ لە باکووری رۆژئاوای ئەرجەنتین، بڕیاریدا سزاکە بەسەر سێرخیۆ دی فانی تەمەن 45 ساڵاندا بسەپێنێت، بەتۆمەتی هاندان بۆ تۆقاندنی خێزانەکەی دیماریا، لەپێناو 'پاشگەزکردنەوەی لە گەڕانەوە بۆ یانەیەکی دژی یانەی هاندەرەکە'.
دیماریا کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، نازناوی مۆندیالی 2022ی بەدەستهێناوە، ساڵی 2024 ئەگەرچی لە بێنفیکای پۆرتوگالی یارییدەکرد، بەڵام پلانی دادەنا بۆ ئەوەی بەیەکجاری بگەڕێتەوە وڵاتەکەی و جارێکی دیکە یاریی بۆ یانەی رۆزاریۆ سێنتراڵ بکات، ئەو یانەیەی دیماریای بەجیهان ناساند.
دیماریا ساڵی 2025 گەڕایەوە یانەکەی سەردەمی منداڵیی خۆی.
رۆزاریۆ سێنتراڵ و نیویلز ئۆڵد بۆیز (ئەو یانەیەی لیۆنێل مێسی تێیدا گەورەبوو)، دوو گەورەترین یانەی شاری رۆزاریۆن، کە سێیەم گەورەترین شاری ئەرجەنتینە و ململانێیەکی تووندی مێژوویی، لەنێوان هەردوو یانەکەدا هەیە.
ئەو هاندەرەی لەلایەن دادگاوە سزادراوە، لە کاتی گەڕانەوەی دیماریا و خێزانەکەی بۆ رۆزاریۆ، لە نزیک شارێکی نیشتەجێبوون کە دیماریا خانوویەکی لەو شارەدا هەیە، تەقەی کردووە و نامەی هەڕەشەی بۆ دیماریا ناردووە.
تۆمەتبارەکە کە هەوڵی زۆریداوە دیماریا بتۆقێنێت و ناچاری بکات، لە گەڕانەوە بۆ رۆزاریۆ سێنتراڵ پاشگەزی بکاتەوە، سەرە بەرازێکی لەبەردەم نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانوودا فڕێداوە کە هی خوشکێکی دیماریا بووە.
سەرەبەرازەکە هەروەها فیشەکێک بەناوچەوانییەوە بووە و تۆمەتبارەکە، لە پەیامێکی هاوپێچدا نووسیویەتی، "ئەگەر بگەڕێیتەوە رۆزاریۆ سێنتراڵ، سەری داهاتوو کە فیشەکی پێوە دەنرێت، سەری کچەکەت دەبێت".
جیا لەو کەسە، دادگا هەروەها سزای بەندکردنی سێ ساڵ و نیوی بەسەر ئافرەتێکی تەمەن 25 ساڵاندا سەپاند، کە ناوی بیلین گۆتیرێزە و بەجێبەجێکاری هەڕەشەکان ناوبراوە.
جیا لەو دوو کەسەی کە سزادراون، کەسی سێیەمیش لە دۆسێیەکەدا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و داواکاری گشتی دەڵێ، پڕۆسەی هەڕەشەکردنەکان لەلایەن ئەو سێ کەسەوە، بەرامبەر 2600 دۆلار ئەنجامدراوە.
بەپێی تۆمەتبارکردنەکانی دادگا، کارەکە لە چوارچێوەی ململانێی کۆنترۆڵ و باڵادەستبوون بەسەر گرووپە دەمارگیرەکانی هاندەرانی ئاڵتراسی یانەی نیویلز ئۆڵد بۆیز، ئەنجامدراوە.
دیماریا لە کاتێکدا هەڕەشەکانی پێگەیشت، سەرەتا بڕیاریدا واز لە بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ ئەرجەنتین بهێنێت، بەڵام دواتر رای گۆڕی و گەڕایەوە.
دیماریا ئێستا لەگەڵ یانەکەی، ئاستێکی نموونەیی پێشکەش دەکات و وەرزی رابردوو، نازناوی پاڵەوانێتییەکەی لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێنا.



