رووداو دیجیتاڵ
هاری کەینی ئەستێرەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، ئامادەیی خۆی بۆ دەستهەڵگرتن لە باڵۆندۆرەکەی دەربڕی، ئەگەر خەونێکی گەورەتری هەیە و بەدی بێت. ئەو دووپاتیکردەوە جۆزێ مۆرینیۆ بیرکردنەوەی ئەوی لە دونیای تۆپی پێدا گۆڕیوە.
هاری کەین، هەفتەی پێشوو بۆ یەکەمجارە لە کاروانی خۆیدا، خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستهێنا، پاشەوەی وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەڕێکرد.
کەین لەگەڵ یانەکەی گەیشتوونەتە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە گەڕی چوارەمی قۆناخی خول، لە چامپیۆنزلیگ.
لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یارییەکەدا، کەین باسی لە کاروانی خۆی لە یاریگاکاندا کرد و دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بەیەکێک لە باشترین راهێنەرانی ئێستای دونیای تۆپی پێ ناوبرد.
هێرشبەرە ئینگلیزییەکە گوتی، "کاروانم لە هەندێک کاروانی دیکەی براوەی باڵۆندۆر جیاوازبوو، هەندێک کات هەبوو پێموابوو مەحاڵە ئەو خەڵاتە ببەمەوە، بەڵام بەکارکردن و سووربوون لەسەر گەیشتن بەئامانجەکە، پێی گەیشتم".
ئەو هەروەها دەڵێ، چوونە بایرن هەموو شتێکی لە ژیانمدا گۆڕی، "هەنگاوێکی کاروانی وەرزشیم بوو، ژیانمی هەمووی گۆڕی، لەگەڵ خێزانەکەم رووم لە وڵاتێکی دیکە کرد، هەمووان پێشوازیی نایابیان لێکردین، زۆر دڵخۆشم بەو هەنگاوە".
کەین دەڵێ، گفتوگۆیەک لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆ، کاتێک راهێنەری تۆتێنهام بوو، هاوکارمبوو بۆ ئەوەی شێوازی یارییکردنم بگۆڕم، روونیدەکاتەوە، "وام بیردەکردەوە کە هەموو شتێکم لە ژیانمدا کردووە، بەڵام دەکرێ بەرزتریش بڕۆم. مۆرینیۆ لە گفتوگۆیەکی نێوانماندا، هاوکارم بوو بۆ ئەوەی لەوە تێبگەم چۆن دەتوانم بگەمە ئەوپەڕی تواناکانی خۆم، ئەو فێریکردم کەمێک لە شێوازم بگۆڕم".
دواتر روومکردە بایرن و ئەوە هەلی گەیشتن بەئاستی بەرزتری دامێ و پێموایە هێشتا لە گەشەکردن بەردەوامم.
هاری کەین ئەوەشی خستووەتە روو کە ئامادەیە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە، ئاشکرایکردووە لە رۆژانی رابردوودا لەسەر هەموو وردەکارییەک رێکەوتنیان کردووە، تەنیا ئەوە ماوە بەفەرمی درێژکردنەوەی گرێبەستی نێوانیان رابگەیەنن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، لەبارەی ئامادەیی دەستهەڵگرتن لە باڵۆندۆرەکەی لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، لەگەڵ بایرن میونشن، کەین دەڵێ، بەڵێ، بەدڵنیاییەوە چونکە دەستکەوتە بەکۆمەڵەکان، بەرزترین ئامانجی منن.
ئەو هەروەها دەڵێ، "پێموایە چامپیۆنزلیگ هەڵدەبژێرم، بەر لە باڵۆندۆر، هەموو کات گوتوومە ئێمە بۆ بردنەوە یاریی دەکەین. باڵۆندۆر راستە یەکێکە لە جوانترین ساتەکانی هەر یاریزانێک، زۆریش تایبەتە بۆ من، بەڵام ئاهەنگگێڕان بەبردنەوەی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ هاوڕێکانم، زۆر دڵخۆشکەر دەبێت".
هاری کەین لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ، تاوەکو ئێستا خاوەنی 4 خاڵە بەهاوبەشی لەگەڵ هەریەکە لە سیرۆ گێراسی و ئێرلینگ هالاند.




