رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بەشێوەیەکی فەرمی دواخستنی جامی ئاسیای 2027ـی بۆ کۆتایی ساڵ راگەیاند و هۆکارەکەشی دۆخی خراپی ناوچەکەیە.
فیدراسیۆنەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا کە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "دوای دانوساندنی بەرفراوان و راوێژکردن لەگەڵ لیژنەی رێکخەری جامی ئاسیای 2027 و فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا پشتڕاستیدەکاتەوە کە جامی ئاسیای داهاتوو کە بڕیاربوو لە 7-1-2027 بەڕێوەبچێت و 5-2-2027 کۆتایی بێت، رێککەوتەکەی دوادەخرێت بۆ 23-12-2027 و لە 21-1-2028 پاڵەوانێتییەکە کۆتاییدێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لە راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "لیژنەی رێکخەری جامی ئاسیا و فیدراسیۆنەکە، رەزامەندییان داوە لەسەر دووبارە رێکخستنەوەی خشتەی دیارترین پاڵەوانێتیی هەڵبژاردەکان، هۆکارەکەشی لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانە و وادەی نوێی پاڵەوانێتییەکەش پێشکێشی فیفا دەکرێت، بەمەبەستی بەدەستهێنانی رەزامەندی."
لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیێنراوەدا فیدراسیۆنەکە سوپاسی پابەندبوونی یەکێتیی تۆپی پێی سعودیە و لیژنەی رێکخەری پاڵەوانێتییەکە دەکات، بۆ پێشکێشکردنی ئامادەکاریی پێویست و لە ئاستی بەرزدا بۆ بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە.
یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ لیژنەکە، یەکێتییە نیشتمانییەکانی ئەندام و بەشدار لە پاڵەوانێتییەکەدا، سپۆنسەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هاوبەشەکانی بەخش و بازرگانی، بەمەبەستی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکی ناوازە کە شایستەی پێگەی پاڵەوانێتییە گەورەکەی ئاسیا بێت.




