رووداو دیجیتاڵ
یانەی تێنێرێفیی ئیسپانی، کۆچی دوایی خیسۆس دی میگێل، هێرشبەری یانەکەی راگەیاند و سەرەخۆشی لە ماڵباتی ئەو یاریزانە و هاندەرانی یانەکە دەکات.
یانەی تێنێرێفیی ئیسپانی، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، خیسۆس دی میگێل، دوای ئەو رووداوەی لە یاریی رۆژی دووشەممە لە یاریی بەرامبەر ئەندۆرا روویدا، یاریزانەکە کۆچی دواییکرد و هەواڵەکە بە خەمبارییەکی زۆرەوە بە هاندەرانی رادەگەیێنێت.
شەوی دووشەممە لە خولی پلە یەکی ئیسپانیا، هەردوو یانەی تێنێرێفی و ئەندۆرا رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە رووداوێکدا خیسۆس لەگەڵ خیسۆس ئۆڤۆنۆ، گۆڵپارێزی یانەی ئەندۆرا بەریەککەوتن و بەو هۆیەوە هێرشبەرەکە تووشی پێکانێکی قورس بوو و راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە، بەڵام دوای چەند کاژێرێک مانەوە لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە یاریزانەکە کۆچی دواییکرد.
یانە ئیسپانییەکە لەبارەی کۆچی دوایی ئەو یاریزانەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بە دڵێکی خەمباری و خەمێکی قوڵەوە هێشتا باوەڕ بەوە ناکەین کە ئەمە راستە و کۆچی دوایی خیسۆس دی میگێل ئالامێدا رادەگەیێنین و یاریزانەکە کاژێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
یانەکە دەڵێت "هیچ وشەیەکی ئاسوودەیی نییە، بەهیچ شێوەیەک بتوانێت ئەم هەستە خەمبارییە کەمبکاتەوە، ئێمە لەگەڵ خێزانەکەی و ئازیزەکانی دەوەستین و ئەمڕۆ ماتەمینی رادەگەیێنین."
خیسۆس دی میگێل ئالامێدا، تەمەنی 30 ساڵ بوو، لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا بۆ یانەکانی لیگانێس، فوێنلابرادا، کاستیۆن، تێنێریفێ و چەندین یانەی دیکە یارییکردووە.




