رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی فریاکەوتن و رووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکانی سووریا رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارینە بەخوڕ و لافاوەی چەند پارێزگایەکی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، لانیکەم پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکەش بێسەروشوێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، چوار لەوانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە منداڵن و خەڵکی ناوچە گوندنشینەکانی هەردوو پارێزگای رەققە و دێرەزوورن. هاوکات پێنج کەسی دیکە لە سنووری پارێزگاکانی رەققە، دێرەزوور و حەلەب بێسەروشوێن بوون و تیمەکانی فریاگوزاری لە گەڕان بەدوایاندا بەردەوامن.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی فریاکەوتن، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سووریا لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیاندا توانیویانە 25 کەس لە پارێزگاکانی رەققە، دێرەزوور و حمس رزگار بکەن، دوای ئەوەی لافاو گەمارۆی دابوون یان ئۆتۆمبێلەکانیان لەنێو ئاو و لیتەدا گیریان خواردبوو.
وەزارەتەکە گوتوشیەتی، تیمەکانیان لە سەرجەم ناوچە لێقەوماوەکاندا بڵاوەیان پێکراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە بەدەنگەوەچوونی هاووڵاتییان و وەڵامدانەوەی بانگەوازەکانی هاوکاری، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و پاراستنی سەلامەتیی دانیشتووان لە مەترسییەکانی کەشوهەوا.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە وەزارەتی فریاکەوتنی سووریا هۆشداری لە بارانبارین لە پارێزگاکانی حەلەب، دێرەزوور و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای وڵاتەکەی دابوو و داوای کردبوو هاووڵاتییان خۆیان لە ناوچە نزمەکان بەدووربگرن.



