رووداو دیجیتاڵ
دامودەزگەکانی سووریا رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، دوو گومانلێکراوی سەر بە رێکخراوی داعشیان لە پارێزگەی دێرەزووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی چەندین کەس، لەنێویاندا کوشتنی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری.
لە کۆتایی ساڵی 2024ـەوە و لە دوای رووخانی بەشار ئەسەدەوە، دەسەڵاتدارە نوێیەکانی سووریا بەردەوام هەواڵی دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی سەر بە داعش و شانە نووستووەکانیان رادەگەیێنن.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، دوای "چاودێرییەکی وردی هەواڵگری"، توانیویانە لە پارێزگای دێرەزوور "دوو کەس دەستگیر بکەن."
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو دوو کەسە تۆمەتبارن بە "زنجیرەیەک تیرۆرکردن لە پارێزگاکەدا، کە دوایینیان بەئامانجگرتنی ئیبراهیم جاسم، کارمەندی وەزارەتی بەرگری بوو" لە شاری مەیادین.
رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014ـدا ناوچەیەکی بەرفراوانی لە سووریا، عێراق، باشوور و رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ کرد، بەڵام لە رووی جوگرافییەوە لە ساڵی 2017 لە عێراق و باشووری کوردستان و لە 2019ـدا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا تێکشکێندرا. هەرچەندە رێکخراوەکە زۆر لاواز بووە، بەڵام هێشتا جارجارە هێرش دەکات و بەرپرسیارێتییان لەئەستۆ دەگرێت، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی دژی هێزە ئەمنییەکانی سووریا دەکرێن.
پێشتر دەسەڵاتدارانی سووریا داعشیان بە تەقینەوەیەک لە دیمەشق لە کاتی سەردانەکەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بۆ ئەو وڵاتە لە مانگی تەممووزدا تۆمەتبار کرد و دواتر رایانگەیاند کە ئەو شانەیەیان هەڵوەشاندووەتەوە کە بەرپرسیار بوون لە هێرشەکە.
بەپێی راپۆرتێک کە هەمان مانگ پێشکێش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، رێکخراوی داعش هێشتا نزیکەی 3 هەزار چەکداری لە سووریادا ماوە. هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چەندین هێرش پووچەڵ کراونەتەوە کە ئامانجیان بەرپرسانی سووریا بووە، لەنێویاندا ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە.

