رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی سووریا رایگەیاند، حکومەتی عێراق رەزامەندیی داوە لەسەر ئەوەی ئاسانکاری بکات، بۆ پێدانی ڤیزا بە بازرگانانی سووریا.
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی سووریا "سانا"، ئەو ڤیزایە دەدرێتە پلەکانی نایاب، یەکەم و دووەمی بازرگانانی سووریا و لەسەر بنەمای پشتگیریی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی سووریا دەبێت.
ئەنەس ئەلبوو، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیی دەرەکیی هاوبەش و ئەندامی ئەنجوومەنی ژوورە بازرگانییەکانی سووریا بە ئاژانسەکەی گوتووە، ئەو ئاسانکارییە بۆ ڤیزای بازرگانان، بۆ لادانی بەربەستەکانی بەردەم بازرگانانی سووریایە بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی دەرەوە و بەهێزکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق.
ئەو بەرپرسەی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی سووریا راشیگەیاند، ئەو هەنگاوە تەواوکەری دیدار و وتووێژەکانی نێوانیانە و جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانە بۆ پاڵپشتیی جووڵەی بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
28ی تشرینی یەکەم، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەریی شاندێکی حکومەتەکەی سەردانی سووریای کرد و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەوە و پەیوەندیی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان تاوتوێ کرا.



