رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رووی دەمی لە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، ئاسایشی وڵاتەکەی لە هاتایەوە دەستپێناکات، بەڵکو لە حەلەب، دیمەشق و بەیرووتەوە دەستپێدەکات.
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکە کرد و گوتی:"هێرشەکانی نەتەنیاهوو و تۆڕە تاوانکارییەکەی کە هێرش دەکەنە سەر سووریا و لوبنان، گەیشتوونەیە خاڵێک کە بارتەقای ئەو دوو وڵاتە، هەڕەشە لە تورکیاش دەکەن. دەمەوێ هەمووان ئەمە بزانن کە سووریا و لوبنان دوو وڵاتی سەربەخۆن. هاوکات ئەو دوو وڵاتە دەکەونە نێو ناوچەی خۆشەویستی و برایەتیی تورکیاوە. دیمەشق و بەیرووت دوو شاری دەستەخوشکی ئیستەنبووڵن".
ئەردۆغان ناڕاستەوخۆ باسی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کرد و گوتیم ئاسایشی وڵاتەکەی لە پارێزگای هاتایەوە دەستپێناکات. ئەمە لەکاتێکدایە هاتای دوایین پارێزگای تورکیایە لە سنووری سووریا.
ئەردۆغان گوتی:"ئاسایشی تورکیا تەنیا لە هاتایەوە دەستپێناکات، بەڵکو لە حەلەب، دیمەشق و بەیرووتەوە دەستپێدەکات. رێگەنادەین براکانمان لەو وڵاتانەدا رووبەڕووی هیچ دۆخێک بکرێنەوە و چاوپۆشی لە هیچ هێرشێک بۆسەر ئەو برایانەمان ناکەین. ئێستا ئەوان و دارودەستەکانیان لێرە و لەوێ، بە عەقڵی خۆیان هەڕەشە لە تورکیا دەکەن. هیچ پێویست بە گوتنی ئەمانە ناکات. ئێمە زۆر باش لە نیاز، ئامانج و ویستی ئێوە تێدەگەین. ئێمە باش دەبینین کە ئێوە بەدوای چییەوەن! زۆر بە باشی پەی بەوە دەبەین کە ئەنجامی گاڵتەجاڕیی خاکی بەڵێندراو چییە! پشتیوان بەخوا هەرگیز رێگە بەمە نادەین".
"خاکی بەڵێندراو" ئاماژەیە بۆ ئەو گوتانەی زۆرجار بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل بەکاری دەهێنن کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی سنووری وڵاتەکەیان فراوانتر دەکەن کە دەگاتە چەند وڵاتێکی دیکەش.
.jpg&w=3840&q=75)



