رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیاری پووچەڵکردنەوەی رەها کە دادگە بەسەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)دا سەپاندی و کەمال کڵچدارئۆغڵوی وەک سەرۆک راگەیاند، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتەکە بە هاوئاهەنگی ئەو ئەندامانەی پشتگیری دەکەن، دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی کرد.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، 833 واژۆی پەسندکراوی دادنووس، لەلایەن موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە، 74 سەرۆکی لق و ئەندامی دیکە رادەستی بارەگای گشتیی جەهەپە کرا.
نەواف بیلەک و عەدنان دەمیرجی، یاریدەدەرانی سەرۆکی جەهەپە لەبەردەم باڵەخانەی پارتەکە پێشوازییان لەو ئەندامانەی سەرکردایەتی کرد کە واژۆکانیان پێشکێشکرد.
هەروەها 170 ئەندامی ئیستەنبووڵ کە بەهۆی بڕیاری (پووچەڵکردنەوەی رەها) مافی ئەندامیەتییان لێ وەرگیرابووەوە، داواکاریی خۆیان بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی بەبێ پشتڕاستکردنەوەی دادنووس گەیاندە بارەگای گشتی. بەمەش کۆی گشتیی واژۆ پێشکێشکراوەکان گەیشتە هەزار و 33 واژۆ.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی جەهەپە، ئەگەر 50+1ی ئەندامان واژۆ بکەن، دەبێت کۆنگرەی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ببەسترێت.
دوای وەرگرتنی واژۆکان، بارەگای گشتیی جەهەپە وردبینییان بۆ دەکات و دواتر وەڵام دەداتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، کە بەگوێرەی بڕیاری دادگە سەرۆکە، گوتوویەتی تەنانەت ئەگەر واژۆکانیش رادەست بکرێن، ناتوانرێت کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت.
هاوکات باڵی ئۆزگور ئۆزەل پێداگرە لەسەر بەستنی کۆنگرە. لەمبارەیەوە ئۆزەل رایگەیاندووە، ئەگەر کەمال کڵچدارئۆغڵو رێگەی کۆنگرەشیان لێ دابخات، ئەوە بە مانای دەرهێنانی دڵی جەهەپە دێت.
ئۆزەل: ئەگەر کڵچدارئۆغڵو بەردەوام بێت، ناچارین پارتێکی نوێ دابمەزرێنین
لەکاتێکدا زۆر باسی ئەوە دەکرێ کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەکات، لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بەرپرسانی هەڵبژێردراوی جەهەپەین. لەم دۆخەدا جێهێشتنی پارتەکەمان و دامەزراندنی پارتێکی نوێ باشترین بژاردە نییە، بەڵام ئەگەر کەمال کڵچدارئۆغڵو لە بچووککردنەوە و کۆتاییهێنان بە جەهەپە بەردەوام بێت، بە ناچاری پەنا بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەبەین".
قەیرانی جەهەپە
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بریارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
جەهەپە رۆژی 9-9-1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.



