رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئێف ئێن ئێس ئێس (FNSS)ی تورکیا بۆ پیشەسازیی بەرگری، رێککەوتنێکی لەگەڵ گرووپی سی ئێس جی (CSG) کە بارەگاکەی لە چیکە واژۆ کرد بە مەبەستی دامەزراندنی کۆمپانیایەکی هاوبەش کە رێگە خۆش دەکات بۆ هەناردەکردنی زرێپۆشەکانی تورکیا بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا.
ئەم رێککەوتنە رۆژی سێشەممە، 16-6-2026 لە پەراوێزی پێشانگەی نێودەوڵەتیی یورۆساتۆری 2026 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا واژۆ کرا.
بەپێی رێککەوتنەکە، هەردوولا لە رێگەی تانکی مامناوەندی سی ئێف ئێڵ-120 کارپات (CFL-120 KARPAT) کە خاوەن هێزێکی تەقەکردنی بەرزە و پێشتر لە مانگی ئایاردا لە پێشانگای ئای دی ئی بی 2026 (IDEB 2026) لە چیک پیشاندرابوو، دەست بە چوونە ناو بازاڕی ئەورووپا دەکەن.
سەلیم بایباش، بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامی بۆردی کارگێڕیی کۆمپانیای ئێف ئێن ئێس ئێس (FNSS) سەبارەت بەم هاوبەشییە رایگەیاند، هیوادارن لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە زرێپۆشەکانیان بخەنە ناو هێزی سەربازیی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ.


