رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رایگەیاند، ئەو 60 رۆژەی دانوستاندن کە دوای رێککەوتنی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیپێکردووە، بۆ بازاڕەکانی وزە گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە. گوتی، بەکراوەیی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز بەشێوەیەکی سەلامەت، بۆ دابینکردنی وزەی جیهان بایەخی ژیانی هەیە.
رۆژی پێنجشەممە 18ـی حوزەیرانی 2026، فاتیح بیرۆڵ، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای راوێژکاریی کۆمەڵەی پیشەسازان و بازرگانانی تورکیا (TÜSİAD) قسەی کرد. ئاماژەی بەوەدا کە سیستمی وزەی جیهانی بە یەکێک لە قورسترین تەنگژەی ساڵانی رابردوودا تێدەپەڕێت و کاریگەرییەکانی رێککەوتنی کاتیی نێوان ئەمریکا و ئێرانی لەسەر بازاڕەکانی وزە هەڵسەنگاند.
بیرۆڵ، لە سەرەتای قسەکانیدا باسی دانوستاندنی 60 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئێرانی کرد. پێیوایە پێویستە بە وردی چاودێری بکرێت، بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا سیناریۆکانی داخستنی تەنگەی هورمزی بە زیادەڕەوی زانیوە، بەڵام پێشهاتەکان ئەوەیان سەلماند ئەم مەترسییە راستەقینەیە.
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، دوو هۆکاری سەرەکی بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە وەبیرخستەوە کە رێگربوون لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت. گوتی: "پێش 28ی شوبات، لە بازاڕەکانی نەوتی جیهاندا زیادەیەکی بەرچاو لە خستنەڕوو هەبوو. دووەمیش، لە 11ی ئاداردا، 400 ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە یەدەگەکانمانەوە خستە بازاڕەوە. ئەم هەنگاوە بووە هۆی دابەزینی نرخ بە نزیکەی 20 دۆلار. ئەم دوو پێشهاتە رێگرییان لە گەورەتربوونی تەنگژەکە کرد."
سەبارەت بە گرنگترین هەنگاوەکان بۆ نەهێشتنی ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی وزەدا، بە بۆچوونی بیرۆل "تاکە رێگەچارە کردنەوەی تەنگەی هورمزە بەبێ مەرج و بەبێ مەترسی. دوای ئەمە بینیمان نرخەکان دابەزین. بەڵام ئەوەی لە کۆتایی پرۆسەی دانوستاندنی 60 رۆژەدا روودەدات، گرنگییەکی زۆری هەیە."
لەبارەی پێشهاتەکانی تەنگەی هورمز بەوەی دەبنە هۆی گۆڕانکاریی هەمیشەیی لە هاوسەنگییەکانی وزە و بازرگانیی جیهانیدا. گوتی، "گۆزەکە شکا. لەمەودوا مەحاڵە بتوانیت ئەو گۆزەیە وەک جاران لێبکەیتەوە،" ئەوەشی روونکردەوە کە بازاڕەکانی وزە ئێستا چوونەتە قۆناخێکی نوێوە.
بە قسەی بیرۆل، تەنیا یەکجار داخستنی تەنگەی هورمز، ئەو تێڕوانینەی بەهێزکردووە کە لە داهاتووشدا مەترسیی هاوشێوە رووبداتەوە و ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "بازاڕەکان و هەموو لایەنەکان بینییان کە تەنگەکە یەکجار داخرا و دەکرێت دووبارە دابخرێتەوە. ئەم دۆخە وادەکات وڵاتان پێداچوونەوە بە ستراتیژییەکانی وزە و هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکانیاندا بکەن. لەمەودوا رێڕەوی بازرگانیی نوێ دروست دەبن و رێڕەوە بازرگانییەکانی ئێستاش دەگۆڕدرێن."


.jpg&w=3840&q=75)