رووداو دیجیتاڵ
کابینەی سەرۆکایەتیی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە و پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەی، گەندەڵی لە دۆسیەی سندووقی وەبەرهێنان و دۆخی ئابووریی وڵات لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.
بڕیارە کۆبوونەوەکە کاژێر 3ی دوای نێوەرۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە بێشتەپە بەرێوەبچێ. چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکە چەندین دۆسیەی گرنگی ناوخۆیی و دەرەکی تاوتوێ بکات.
پرۆسەی چارەسەری
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری دەبێ. لەم چوارچێوەیەدا، ئەو قۆناخانەی کە لە خشتەی کاتیی چەکدانانی پەکەکەدا هاتوون، لەبەر رۆشنایی زانیارییەکانی دەزگا ئەمنییەکاندا، دەخرێنە بەر باس.
هەروەها پرسی دامەزراندنی لیژنەی چاودێری تاوتوێ دەکرێ کە بریارە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی چارەسەری بە بەشداری پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان دامەزرێ.
پرسی دۆسیەی سندووقی وەبەرهێنان
پرسی گەندەڵی لە سندووقی وەبەرهێنان تەوەریکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێ. دوای ئەوەی پێشنیازە یاسای تایبەت بە "سندووقی وەبەرهێنان" لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا و بووە یاسا، بڕیارە لە کۆبوونەوەی کابینەدا وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە تاوتوێ بکرێ.
دۆخی ئابووری و دۆسییەکانی سیاسەتی دەرەوە
لە لایەکی دیکەوە دواین پێشهاتە ئابوورییەکان و چوارچێوەی گشتیی بودجەی حکومەتی وڵاتەکە، کە بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لە کۆبوونەوەی کابینەدا دەخرێنە روو.
ئەنقەرە بە وردی چاودێریی جموجووڵ و پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات، ئەم بابەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت. هەروەها، پێشهاتەکانی غەززە و جەنگی رووسیا و ئۆکرایناش لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا دەبن.
جگە لەمانە، پەسندکردنی رێککەوتنی دەسەڵاتی دەریایی لەگەڵ لیبیا، رێککەوتنی مەککە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی بەدر، بەشێکی دیکە دەبن لە گفتوگۆکانی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆمار.
کابینەی سەرۆکایەتیی تورکیا، کە سەرپەرشتی حکومەتی تورکیا دەکات، مانگانە دووجار کۆدەبێتەوە. دوایین کۆبوونەوەیان لە 12-10-2026 بوو.


