رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت، پرۆسەی چارەسەری زۆر لە چەکدانان یان هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوێک گەورەترە و پێداویستییەکی مێژووییە بۆ داهاتووی تورکیا و بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆیی.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، نوعمان کورتوڵموش لە شاری ئێلهـ لە باکووری کوردستان، بەشداری لە رێوڕەسمی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ئەکادیمی لە زانکۆی باتمان کرد و لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر رۆژەڤی سیاسیی تورکیا و پرۆسەی ئاشتی.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کرد، پرۆسەکە نزیکەی دوو ساڵە دەستیپێکردووە و هەنگاوی باشی بڕیوە، گوتیشی: "لە قۆناخێکداین دەبێت یەکڕیزیی نێوخۆییمان زیاتر پتەو بکەین. ئەم پرۆسەیە تەنیا دیدگەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو لە پێداویستییەکی حەتمییەوە بۆ داهاتووی وڵات سەریهەڵداوە."
کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد، لە رابردوودا حکومەتەکانی پێشووی تورکیاش هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم پرسەیان داوە، بەڵام دەستێوەردانی دەرەکی و رێگر بوون لە سەرکەوتنی؛ "بەڵام جیاوازیی ئەمجارە ئەوەیە کە ئیرادەی دەوڵەت لەگەڵ ویستی گەل تێکەڵ بووە و پێکەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هۆشداریشی دا کە لایەن هەن لە ناوخۆ و دەرەوە نایانەوێت ململانێکان کۆتاییان بێت و رایگەیاند: "ئاگاداری پیلانەکانین و چاوکراوەین بەرامبەر بە هەر هەوڵێک کە بیەوێت پرۆسەی چارەسەری تێکبدات یان بەلاڕێیدا ببات."
کورتوڵموش داوای لە ناوەندە ئەکادیمییەکان، زانکۆکان و قوتابییان کرد رۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و سەرخستنی پرۆسەکەدا بگێڕن.


