رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، گواستراوەتەوە بۆ باڵەخانەیەکی نوێ لە ئیمراڵی. بەڵام برایەکی ئۆجەلان دەڵێ، ئاگاداری گواستنەوەکە نین.
محەممەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "ئاگاداری گواستنەوەی سەرۆک ئۆجەلان نین بۆ شوێنێکی نوێ."
مەدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئەمڕۆ شەممە قسەی بۆ (میدیا هەبەر) کرد و رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان گواستراوەتەوە بۆ شوێنە نوێیەکەی لە ئیمراڵی. کە مەبەست باڵەخانەیکی نوێیە.
بەڵام محەممەد ئۆجەلان، بێئاگایی خۆی نیشاندا و گوتیشی: "گۆڕانکاری کرابێت، لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی دیکە بووە نەک گواستنەوە بۆ شوێنی دیکە."
سەرەتای مانگی ئەیلوول، ناگیهان ئاڵچی، رۆژنامەڤانی تورک رایگەیاندبوو، لە ئیمراڵی ڤێلایەک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دروستکراوە.
بەڵام دواتر دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاند، "ماوەیەک لەمەوبەر رۆژنامەڤان ناگیهان ئاڵچی هاتبوو، ئەم خانمە وا تێگەیشتووە کە ڤێللا دروستکراوە؛ شتێک بە ناوی ڤێللاوە نییە، بەڵکو خانوویەکی 250 مەتر چوارگۆشەییە و هەر لەنێو کۆمەڵگەی گرتووخانەکەدایە کە دوورگەیەکە و چواردەوری ئاوە."
سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی ئەو خانووەش، سەرۆکی مەهەپە روونیکردەوە: "ئەو شوێنە بۆ ئەوە دروستکرا تاوەکو بتوانێت چاوپێکەوتنەکانی تێدا بکات و پەیامەکانی بدات، کاتێک پێویست بکات با لەگەڵ رۆژنامەڤانانیش دابنیشێت. دەبێت ئەم دەرفەتانە بدرێن و دەشدرێن."



