رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا، رێگە بەوانە نادەین هەوڵی تێکدانی ئەم رێڕۆ [پرۆسەی چارەسەری] و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان گەنجانمان و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەمان بۆ رۆژە تاریکەکانی پێشوو دەدەن."
ئاکن گورلەک، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاریی لقی گەنجانی ئاکپارتی لە ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکێش کرد. تێیدا باسی لە پرۆسەی چارەسەری و داهاتووی گەنجان کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەری رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لە رێگەی جێبەجێکردنی پرۆسەکەوە، داهاتوویەکی ئارام بۆ گەنجان دابین دەکەن و گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە بە جێبەجێکردنی مۆدێلی تورکیای بێ تیرۆر، وڵاتێک رادەستی گەنجانمان بکەین کە داهاتوویەکی پڕ لە ئارامیی تێدا بێت. نامانەوێت ئەو سەختییانەی کە ئێمە و نەوەکانی پێش ئێمە چەشتوومانە، بۆ ئێوە بە میرات بمێنێتەوە."
ئاکن گورلەک راشیگەیاند، دەیانەوێت کێشەی تیرۆر کە ساڵانێکی زۆرە وزەی تورکیای بردووە، بە تەواوی لە رۆژەڤی وڵاتدا دەربهێنن و گوتی: "تیرۆر تەنیا زیانی گیانی نییە، بەڵکو زیان بە تواناکانی وڵات و داهاتووی گەنجانیش دەگەیێنێت."
لەبارەی ئامانجی پرۆسەکەشەوە، وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، تورکیای بێ تیرۆر بریتییە لە بەرگریکردن لە نیشتمانی هاوبەش و برایەتی لە دژی ئەوانەی دەیانەوێت جیاوازییەکان بکەنە هۆکاری ململانێ.
لەبارەی هەوڵە ئەگەرییەکان بۆ تێکدانی پرۆسەکە گوتی: "لە چوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا، رێگە بەوانە نادەین هەوڵی تێکدانی ئەم رێڕۆ و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان گەنجانمان و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەمان بۆ رۆژە تاریکەکانی پێشوو دەدەن. هەموو ئەو سیناریۆ پیسانەی کە دەیانەوێت گەنجانی تورکیا بەگژ یەکدیدا بدەن، بە یەکێتی و برایەتیمان تێکیان دەدەین."



