رووداو دیجیتاڵ
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەری تورکیا دەڵێ، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) "ئێستا ئازاد کراوە" و دەسەڵاتداران "بیری لێدەکەنەوە چۆن ئەمە بۆ کۆمەڵگە روون بکەنەوە." ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی گوتی، ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی گوێزراوەتەوە.
ئۆزداغ لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاویکردەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە دانانی ئۆجەلان وەک ئەندامی لیژنەیەک، سزای زیندانیکردنەکەی کۆتایی پێهێناوە.
"ئۆجەلان چی دیکە زیندانی نییە"
ئۆزداغ لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان ماوەیەکی کەم لەمەوبەر وەک ئەندامی لیژنەیەک دەستنیشانکرا و لەو ساتەوەی وەک ئەندامی لیژنەکە دەستنیشانکرا، سزاکەی کۆتایی هات، چونکە بەپێی یاسا، کەسێکی سزادراو ناتوانێت ببێتە ئەندامی لیژنە، ناتوانێت لە هیچ لیژنەیەکی دەوڵەت کاربکات. عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئێستا وەک ئەندامێکی لیژنەیەک، سزادراو نییە."
"لە ڤێلایەکدا دەژی، نەوەک زیندان"
سەرۆکی پارتی زەفەر لە درێژەی قسەکانیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە شوێنی نوێی ئۆجەلان زیندان نییە، بەڵکو ڤێلایەکی تایبەتە و گوتی: "لەبەرئەوەی سزادراو نییە، چی دیکە لە زینداندا نییە، بەڵکو لەو ڤێلایەدا دەمێنێتەوە کە بۆی دروستکراوە. ئەم ڤێلایە لە هەمان کاتدا وەک شوێنی کارکردنیش بۆی دیزاین کراوە. لەم ڤێلایەدا خۆی، یاریدەدەرەکانی و رەنگە ئەو کەسەی کە وا بیردەکرێتەوە لە داهاتوودا هاوژینی لەگەڵ بکات وەک سکرتێری تایبەتی کاربکات. دیدارەکانی لەوێ بەڕێوەدەبات. چالاکییە سیاسییەکانی لەوێ بەڕێوەدەبات."
"ئۆجەلان ئازادکراوە"
ئۆزداغ دەڵێت: "بەڵێ، ئۆجەلان ئێستا ئازاد کراوە. ئەوان بیری لێدەکەنەوە چۆن ئەمە بە کۆمەڵگە رابگەیەنن."
ئەو سەرۆک پارتە هەروەها هەڕەشەی ئاشکراکردنی زانیاریی زیاتر دەکات و دەڵێت: "بێگومان لەم نێوەندەدا داواکاریی وەها لە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دێت کە تەنانەت منیش کاتێک بیستم، گوتم 'ناکرێ ئەوەندەش بێت!'. با پرسەکە کەمێکی دیکە درێژە بکێشێت، ئەو داواکارییانەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بۆ رای گشتیی تورکیا باس دەکەم."
رۆژی شەممە، 31-10-2026 میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "مێدیا خەبەر" رایگەیاند "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ لە ئیمراڵی گوێزراوەتەوە."
رۆژی یەکشەممە، 1-11-2026 پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، شوێنەکەی ئۆجەلان هەر لەنێو زیندانی ئیمراڵییە و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی دیکە تەنیا دۆخی کارکردنی ئۆجەلان باشتر دەکات، بەڵام بە مانای گۆرانکاری لە پێگەی ئۆجەلان نایەت.


