رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کە لە هەڵبژاردنی 31ی ئاداری 2024دا لە چوارچێوەی ستراتیژیی (رێککەوتنی شار) و لەسەر لیستەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەڵبژێردرابوون، لەمەودوا بە فەرمی لەژێر چەتری دەم پارتیدا درێژە بە کارەکانیان دەدەن. دەم پارتی دەڵێ، بڕیارەکە بە "ویستی هاوبەشی" ئەندامان دراوە.
دەستەی بەڕێوەبردنی خۆجێیی دیموکراسی لە دەم پارتی، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا کۆتاییهاتنی ئەو هاوپەیمانییەی راگەیاند.
"داواکارییەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندییەوە پەسند کرا"
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە نزیکەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا گۆڕانکاریی زۆر لە سیاسەتی تورکیادا روویداوە، لەوانە "ئۆپەراسیۆن بۆسەر شارەوانییەکان، دانانی قەییوم، دەستگیرکردن و زیندانیکردنی سەرۆک شارەوانییەکان."
دەم پارتی دەڵێ، لەبەر رۆشنایی ئەم پێشهاتانە، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان کرا کە لە چوارچێوەی (رێککەوتنی شار)دا هەڵبژێردرابوون و ئەوانیش "ویستی خۆیان بۆ گەڕانەوە و کارکردن لەژێر چەتری دەم پارتی" دا نیشان دا. دواتر داواکارییەکە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتەوە پەسند کرا.
دەم پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە کارەکانیان لە ئەنجوومەنی شارەوانییەکان لەسەر بنەمای پێداویستیی شارەکان، دیموکراسیی خۆجێیی، بەشداریی خەڵک و بەڕێوەبردنی شەفاف بەردەوام دەبێت.
کاریگەری لەسەر گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ
بەپێی ئەو بریارە، 12 ئەندامی ئەنجوومەنی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ لە سەر لیستی جەهەپە نامێنن، بەمجۆرە ژمارەی کورسییەکانی جەهەپە لە ئەنجوومەنی ئەو شارەوانییە کەم دەکات و ئەمەش کاریگەری لەسەر باڵادەستی جەهەپە لە ئەنجوومەنی شارەوانی ئەو شارە دەبێ.
پێش ئەم بڕیارە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ بەم شێوەیە دابەش ببوو:
ئاکپارتی: 130 ئەندام
جەهەپە: 93 ئەندام
پارتی نوێ: 84 ئەندام
مەهەپە: 6 ئەندام
سەربەخۆ: 4 ئەندام
پارتی یەکێتی مەزن: 2
رێککەوتنی شار چییە؟
رێککەوتنی شار ستراتیژییەکی هەڵبژاردن بوو کە لەلایەن دەم پارتییەوە بۆ هەڵبژاردنی 31ی ئاداری 2024 داڕێژرا. ئامانج لێی کۆکردنەوەی لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بوو لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و مێرسین.
لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا، دەم پارتی لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەتی جەهەپە، هاوئاهەنگی کرد. لەم چوارچێوەیەدا، دەم پارتی لە هەندێک ناوچە (بۆ نموونە، لە ئێسەنیورت لە ئیستەنبووڵ یان ئاکدەنیز لە مێرسین) بەربژێری دەرنەکرد و پشتگیریی لە بەربژێرانی جەهەپە کرد یان ناوی ئەندامانی دەم پارتی لە لیستەکانی ئەنجوومەنی شارەوانیی جەهەپەدا جێیان گرت.


