رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایدەگەیێنێت، دۆسیەی گەندەڵی لە سندووقەکانی وەبەرهێنان تەنیا دەستکاریکردنێکی سادەی بۆرسە نییە، بەڵکو تۆڕێکی تاوانکاریی رێکخراوە کە دەستی گەیشتووەتە نێو بیرۆکراسیی باڵا، میدیا و کەسایەتییە سیاسییەکان؛ ئاشکراشی کرد دەست بەسەر نزیکەی 600 ملیۆن دۆلاردا گیراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026، ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا دوایین پێشهاتەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵیی سندووقەکانی وەبەرهێنانی خستەڕوو، کە لە مانگی ئەیلوولەوە دەستیپێکردووە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەدان هەزار وەبەرهێنەر هەبووە.
وەزیری داد گوتی، "لێکۆڵینەوەکە سەرەتا لەسەر مامەڵەی نایاسایی بوو لە سندووقەکاندا، بەڵام دانپێدانانەکان دەریانخست رەگ و ریشەی ئەم گەندەڵییە تاوەکو ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی باڵای دارایی درێژ بووەتەوە. ئەمە تۆڕێکی تاوانکارییە کە ئامانجی قۆرخکاری و دەستکاریکردنی نرخی پشکەکان بووە."
هاوئاهەنگیی بۆرسە، بەرپرسان و میدیا
گورلەک ئاماژەی بەوە کرد، بەڵگەی روونیان لەبەردەستدایە کە هاوئاهەنگییەکی سیستماتیک لەنێوان گەندەڵکارانی بۆرسە، ئەو کەسانەی نرخی پشکەکانیان دەستکاری کردووە و بەشێک لە میدیاکان هەبووە، هاوکات ئەو میکانیزمانەشی کە بەرپرس بوون لە چاودێریکردنی مامەڵە داراییەکان لە رێگەی بەرتیلەوە چاوپۆشییان کردووە.
ئامارە سەرەکییەکانی دۆسیەکە بەپێی وەزارەتی داد:
گومانلێکراوان: 433 کەس وەک گومانلێکراو ناویان هاتووە.
دەستگیرکراوان: 112 کەس بە بڕیاری دادگە خراونەتە زیندانەوە.
ئازادکردن بە مەرج: 186 کەس لەژێر چاودێریی دادوەریدان.
هەڵاتووان: 38 کەس هەڵاتوون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
بلۆککردنی سامان: دەست بەسەر سامان و هەژماری بانکیی 359 کەس و 111 کۆمپانیادا گیراوە.
وەزیری داد ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی "گەڕاندنەوەی خۆبەخشانە"دا بڕی نزیکەی 30 ملیار لیرەی تورکی (نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار) گەڕێندراوەتەوە و هۆشداریشی دا: "سەری داوەکە بۆ هەر شوێنێک بچێت وازی لێ ناهێنین، تەنانەت ئەو پارانەشی براونەتە دەرەوەی وڵات دەیانگێڕینەوە."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەبارەی نۆیەمین کۆبوونەوەی دەستەی هەماهەنگیی سندووقەکان رایگەیاند، تاوەکو 30ی تشرینی یەکەم لە کۆی 100 سندووقی وەبەرهێناندا، بڕی 97.3 ملیار لیرەی تورکی (نزیکەی 1 ملیار و 946 ملیۆن دۆلار) بۆ 247 هەزار و 839 وەبەرهێنەر گەڕێندراوەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)

