رووداو دیجیتاڵ
عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی رایگەیاند، ئاکپارتی فەلسەفەی (دراوسێکەت لاواز و خۆت سەقامگیر بکە)ی رەتکردەوە و گوتی، بە پێچەوانەوە ئاکپارتی دراوسێی هەژار و لاوازی ناوێ.
رۆژی سێشەممە 3-11-2026 بەرنامەی "ئاکپارتی لە 25ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی و 24ـەمین ساڵیادی هاتنە سەر دەسەڵاتیدا" لەلایەن سەرۆکایەتیی سیاسەتەکانی کولتوور و هونەریی پارتەکەوە رێکخرا.
هەریەک لە محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی؛ مستەفا ئەلیتاش و ئەفکان ئالا، بریکارانی سەرۆکی ئاکپارتی، لەگەڵ عومەر چەلیک و ئەحمەد بویوکگوموش، یاریدەدەرانی سەرۆکی ئاکپارتی وەک قسەکەر بەشدار بوون.
"نەیانتوانی یەک موختاریشمان لێ بسێننەوە"
عومەر چەلیک، یاریدەدەری سەرۆک و گوتەبێژی ئاکپارتی قسەی لەبارەی مێژوو و سیاسەتی پارتەکە کرد و گوتی: "پێش ئێمە ئەوانەی دەیانویست دیموکراسی و ئیرادەی گەل باڵادەست بکەن، چۆن رێگرییان لێ کرا؟ یەکەم، رێکخستنەکانیان پەرتەوازە کردن، دووەم، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانیان هەڵوەشاندنەوە، بەڵام بڕوانن، لە تاریکترین رۆژەکانی سەردەمی زەبروزەنگیشدا نەیانتوانی تەنانەت یەک موختاریشمان لێ بسێننەوە. کاتێک دەگوترێت پاسەوانانی دیموکراسی لە تورکیا کێن، دەبێت سەیری موختارەکانی ئاکپارتی بکەن."
چەلیک راشیگەیاند، لە سەرەتای ساڵانی 2000ـەکاندا لە تورکیا "پارتە سیاسییەکان تاوەکو ئاستێکی زۆر سیفەتی پارتی سیاسیبوونیان لەدەست دابوو و وەکو کۆمپانیا کاریان دەکرد.
چەلیک ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وەڵامی پرسیاری (ئایا ئاکپارتی لە بەرەی راست یان چەپدایە؟) گوتوویەتی: "ئێمە لە راست یان چەپ نین. ئێمە نوێنەرایەتیی ئەو ناوەندە سیاسییە دەکەین کە نوێنەرایەتیی خەڵک دەکات."
چەلیک جەختی لەوە کردەوە، گەل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاکپارتیی هێناوەتە سەر دەسەڵات و گوتی: "لە هەموو شوێنێکی جیهاندا، تاوەکو ئێستاش تاوتوێی ئەوە دەکرێت کە ئاکپارتی چۆن هاتووەتە سەر دەسەڵات و چۆن سیاسەتی کردووە، هەروەها پارتی هاوشێوەی ئاکپارتی دادەمەزرێن. یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی ئەمەش دووبارەکردنەوەی کار و سیاسەتەکانی ئاکپارتین لەلایەن ئەو پارتانەی جیهانەوە."
چەلیک لەبارەی دیدی سیاسەتی دەرەوەی ئاکپارتی قسەی کرد و باسی ئەو بانگەشانەی کرد کە لە رابردوودا دەکران کە گوایە تورکیا ئاراستەی گۆڕیوە. ئەمەی رەتکردەوە و گوتی: "ئێمە هەوڵمان دا لەمە تێبگەین. ئەمانە دەیانەوێت چیمان پێ بڵێن؟ ئەوەی دەیڵێن ئەمەیە: ئەگەر سیاسەتی دەرەوەتان بە ئاراستەی رۆژئاوا بێت، ئەوا تووشی لادان لە ئاراستە نابن، بەڵام بە پێچەوانەوە لە سیاسەتی دەرەوەتاندا تووشی گۆرینی ئاراستە دەبن.
"بۆ ئەوەی ئێمە لە ئاسایش و سەقامگیریدا بین، دەبێت سووریا، عێراق و ئێرانیش لە ئاسایشدا بن"
چەلیک لەمبارەیەوە رەخنەی تووندی لەو بۆچوونە گرت و جەختیکردەوە کە ئاراستەی ئەوان ئاراستەیەکە لە ئەنقەرە دیاریکراوە. هەروەها گوتی:"یەکێک لەو بۆچوونانەی ئەمڕۆ زایۆنیی داگیرکار و ئەمپریالیستی جیاکار نیشانی دەدەن کە جارانیش ئەمەیان دەکرد، بریتییە لە فەلسەفەی (دراوسێکەت لاواز بکە و ئاسایشی خۆت سەقامگیر بکە). ئێمە ئەمە رەتدەکەینەوە، نامانەوێ هیچ دراوسێیەکمان لاواز بێت، هەژار بێت و ئاسایشی لەناوبچێت. دراوسێی دەوڵەمەندمان دەوێت، دراوسێیەکمان دەوێ کە لە ئاسایشدا بێت و سەقامگیر بێت. چونکە ئێمە شتێک فێربووین کە ئاکپارتی ئەمەی فێری ناوچەکەس کرد؛ ئەگەر یەکێکمان لە ئاسایشدا نەبین، هیچ یەکێکمان لە ئاسایشدا نین. جا بۆ ئەوەی ئێمە لە ئاسایش و سەقامگیریدا بین، دەبێت سووریا، عێراق و ئێرانیش لە ئاسایشدا بن، هەروەها هاوبەشەکانمان لە دەریای ناوەڕاستیش لە ئاسایشدا بن".
چەلیک هەروەها سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە لە تورکیا هەندێک کەس بە ناوی "نیشتمانپەروەری"یەوە کاری خراپی زۆریان کردووە.
جەختیکردەوە کە ئاکپارتی بیرۆکەیەکی بەرزکردەوە و رایگەیاند کە هیچ نیشتمانپەروەرییەک لە دەرەوەی یاسا نابێت؛ ئەوەی هەوڵێکی وەها بدات، تەنیا نیشتمانفرۆشی دەکات.
ئاکپارتی
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) رۆژی 14-8-2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانییەوە دامەزرا.
ئاکپارتی لەوەتەی دامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی تورکیای لەدەستە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پلەی یەکەمی پارتە سیاسییەکانی بەدەستهێناوە.
ئێستا لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمان 281 کورسیی هەیە و بەهێزترین پارتی سیاسیی لە پەرلەمانی وڵاتەکەی هەیە.
نزیکترین رکابەری پارتی نوێیە کە خاوەنی 90 کورسییە.
.jpg&w=3840&q=75)

