رووداو دیجیتاڵ
فیگەن یوکسەکداغ، لەبارەی زیندانیکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی دیکەی، بە ناڕاستەوخۆ بەبیر ئۆپۆزیسیۆنی هێنایەوە و رایگەیاند کە ئەوکات گوتوویانە ئەمڕۆ لە هەدەپەیە و سبەی لە هەمووانە.
فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە دەیەمین ساڵڕۆژی زیندانیکرانی سیاسەتڤانانی هەدەپە گوتی: "ئێمە گوتمان ئەمڕۆ لە ئێمە و سبەی لە هەمووانە! گوتمان دەرگای دۆزەخ دەکرێتەوە، بەداخەوە قسەکەمان راست دەرچوو. هەندێک کەس بیستیان، بەڵام زۆرینە نەیانبیست."
یوکسەکداغ هەروەها ئاماژەی بە پەرەسەندنی بریارە نایاساییەکان کرد و گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە کەوتووینەتە نێو دۆزەخەوە و گوشارەکان هێندە پەرەیان سەندووە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیشی گرتووەتەوە؛ لە دووکاندار و سەوزەفرۆشەوە بگرە تاوەکو خانەنشینان، رۆژنامەڤانان، ژنان و خۆبەخشانی ژینگەپارێز، هەموو ئەو توێژانەی بە ئاسانی بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات. هەموومان پێکەوە کەوتینە ناویەوە. دەستپێکی ئەمەش هەڵگرتنی پارێزبەندی و کودەتای 4ی تشرینی دووەمی 2016 بوو."
رووی دەمی یوکسەکداغ لە کێیە؟
ئەیلوولی 2016 پێشنیازەیاسای هەڵگرتنی پارێزبەندی و لێسەندنەوەی متمانە لە سەلاحەدین دەمیرتاش، پەرلەمانتاری ئەو کاتی هەدەپە و هاوڕێکانی پێشکێشی پەرلەمان کرا.
کاتێک وەزارەتی دادی تورکیا دۆسیەکەی پێشکێشی پەرلەمان کرد، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەنگی بەڵێی دا.
ئەوەبوو دواجار پارێزبەندی لەو هەدەپەییانە سەندرایەوە و لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا زیندانی کران.
حوزەیرانی ئەم ساڵ لەمبارەیەوە پرسیار لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە کرا.
کڵچدارئۆغڵو گوتی، "لایەنگری دۆسیەکان نیم، بەڵام پرەنسیپی من روونە. کاتێک دۆسیەیەک دێتە پەرلەمان، دەبێت پارێزبەندی هەڵبگیرێ و کەسەکە لە دادگەدا بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت. لەپشت ئەو بڕیارەین کە لەبارەی سەڵاحەدین داومانە و پەشیمان نیم."
یوکسەکداغ: هەرگیز نەمگوتووە فڵان کات ئازاد دەبین
لەبارەی بیرکردنەوە یان هەوڵدان بۆ ئازادبوون، فیگەن یوکسەکداغ گوتی: "لە یەکەم رۆژی زیندانیکرانمەوە تاوەکو ئێستا هیچ کاتێکم دیاری نەکردووە. هەرگیز نەمگوتووە 'لە فڵان کاتدا ئازاد دەکرێم'. چونکە دەمزانی، ئەو کەسانەی بوێریی کودەتایەکی هێندە جیددییان هەیە و دەستیان بۆ برد، توانای هەموو کارێکیان هەیە؛ ئێمە لە مەترسی و جیددییەتی ئەم بابەتە تێگەیشتبووین".
یوکسەکداغ: ئێمە نوێنەرانی سێیەم گەورەترین پارتی سیاسیی تورکیاین
رۆژی 7-4-2015 پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ یەکەمین جار بووە سێیەمین فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی تورکیا. هەدەپە لەو هەڵبژاردنەدا 13.2٪ی دەنگەکانی تورکیای بەدەستهێنا و 80 کورسیی بردەوە.
فیگەن یوکسەکداغ دەڵێ، ئەو ئۆپەراسیۆنانە هەوڵێک بوو لە دژی ئەو پێگە بەهێزەی هەدەپە و گوتی:"ویستیان ئەو پێگە بەهێزەی هەدەپە لەنێو کۆمەڵگەدا و ئەو توانستە گۆڕانکاریخوازەی هەیبوو، بکەنە شتێک کە جارێکی دیکە بە خەیاڵیشدا نەیەت. بۆ ئەم مەبەستەش رووداوی زۆر تووند روویاندا. بەڵام نە دەتوانرێت پێش بە خەونەکان بگیرێت و نە قەدەخەش دەکرێن. من هێشتا خەونم هەن. لە سەر شەقام لە هەر کەسێک بپرسیت، تەنانەت ئەو کەسەشی لە هەمووان زیاتر لە تەنگانەدایە، خەون دەبینێت. نەیانتوانی خەونەکانمان بکوژن. ئەوەی لە ماوەی ئەم 10 ساڵەدا منی بە پێوە راگرتووە هەر ئەمەیە. بە بۆچوونی من، تاوەکو نەگەینە ئاشتی وادەمان تەواو نابێت."
فیگەن یوکسەکداغ
رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 1971 لەدایکبووە
خەڵکی پارێزگای ئەدەنەی تورکیایە
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیە
دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی سۆسیالیستیی ستەملێکراوان (ئەسەپە) بووە
2010 بووە سەرۆکی ئەسەپە
2014 بووە هاوسەرۆکی هەدەپە
لە 4-11-2016ــەوە لە زیندانە


