رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایدەگەیێنێت، دوای 10 ساڵ هەوڵی جدی دەدرێت بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەمی شەڕ و پێکدادان، داواش لە دەوڵەتی تورکیا دەکات وەڵامی هەنگاوە مێژووییەکان بداتەوە و لە سەرووی هەمووشیانەوە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ ئازاد بکات.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بە بۆنەی تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر زیندانیکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ) و هاوڕێیانیان، تونجەر باکرهان سەردانی گرتووخانەی کرد و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەڵوێستی پارتەکەی لەسەر دۆخی سیاسی و پرۆسەی چارەسەری خستەڕوو.
باکرهان دووپاتیکردەوە کە زیندانیکردنی سەرکردە و پەرلەمانتارانی هەدەپە ناڕەوا و نایاسایی بووە و تەنیا بە ئامانجی کپکردنی دەنگی سیاسەتی دیموکراسی کراوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە ئاشتی و گوتی: "دە ساڵ تێپەڕی و ئێستا هەوڵی کۆتاییهێنان بە سەردەمی پێکدادان دەدەین. لەم پێناوەدا رێگەیەکی زۆر بڕدراوە و هەنگاوی یەکجار گرنگ نراون."
تونجەر باکرهان رووی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتە هەنگاوی کرداری بنێت: "پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و بەپێی روونکردنەوەکانیشیان، لە سنووری تورکیادا یەک چەکدار یان کەمپێکیان نەماوە، کە مەترسی بێت بۆ سەر وڵات. بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەم هەنگاوە مێژووییانە نراون، بۆیە پێویستە دەوڵەتیش وەڵامی هەبێت؛ وەڵامەکەش بە ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانییانی سیاسی دەستپێدەکات، بەتایبەتی دەمیرتاش و یوکسەکداغ."
