رووداو دیجیتاڵ
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە گواستنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی نوێی لە ئیمراڵی رایگەیاند، ئۆجەلان سەرپەرشتیی "دەستەی هاوئاهەنگیی ئاشتی و بەسیاسیکردن" دەکات و دەبێت دەستەکە هەرچی زووە بە کردەیی کارەکانی دەستپێبکات و رێگەی دیداری بۆ ئاسان بکرێت.
رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، شاندێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنیاندا (لە 4ی تشرینی دووەمی 2016)، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیان لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە کرد.
تولای هاتیمئۆغوڵڵار لە وەڵامی پرسیاری عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو، کە ئایا گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ رێگە بۆ سەردانیکردنی دەکاتەوە؟ گوتی: "گواستنەوەی بەڕێز ئۆجەلان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ ئەم چاوەڕوانییەی زیاتر بەهێز کردووە. وەک دەزانرێت ئەو سەرپەرشتیی دەستەی هاوئاهەنگیی ئاشتی و بەسیاسیکردن دەکات و پێویستە ئەم دەستەیە بە خێرایی بە کردەیی دەست بە کارەکانی بکات و بتوانێت بە ئاسانی هاتووچۆی دوورگەی ئیمراڵی بکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆر لە رووناکبیران، نووسەران، سیاسەتڤانان، ئەکادیمیستان لەنێوخۆی تورکیا و دەرەوەیدا خواستی دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان هەیە، گوتیشی: "پێویستە بەپەلە رێگە بەم دیدارانە بدرێت و کارەکان بە شێوەیەکی دروست و بەپێی گیانی پرۆسەکە بەڕێوەبچن."
چاوەڕوانی بۆ سەردانی نوێ
سەبارەت بە ئەگەری سەردانێکی نوێ بۆ ئیمراڵی لە داهاتوویەکی نزیکدا، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری رایگەیاند: "ناتوانم وادەیەکی دیاریکراو بۆ سەردانەکە رابگەیەنم، بەڵام داواکاری پێشکەش کراوە و چاوەڕێین لە زووترین کاتدا وەڵام بدرێتەوە و دیدارەکە بکرێت."
