رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی وەرگەڕانی پاسێکی گەشتیاری لەسەر رێگای ئاکسارای-نەڤشەهیر و 16 کەس بریندار بوون و دوو لە بریندارەکان تەندروستییان ناجێگیرە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026، پاسێکی بچووک کە هەڵگری ژمارەیەک گەشتیاری بیانی بوو، لە پارێزگای ئاکسارای لە تورکیا وەرگەڕا. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا 16 کەس برینداربوون.
رووداوەکە کاژێر 08:00ی بەیانی لەسەر رێگای سەرەکیی ئاکسارای-نەڤشەهیر، لە نزیک گوندی ئالایهان روویدا. پاسەکە کە گەشتیاری بەرازیلی، کۆستاریکایی و تایوانی هەڵگرتبوو، لە کاتی گەشتکردن لە شارۆچکەی ئاڤانۆسی سەر بە پارێزگای نەڤشەهیر بۆ قەزای سوڵتانهانی سەر بە پارێزگای ئاکسارای، شۆفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەستدا و پاسەکە وەرگەڕا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی رووداوەکەدا 16 گەشتیار برینداربوون، کە راپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەندروستیی دوو کەسیان ناجێگیرە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی جەندرمە، تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی ئاکسارای. هێزە ئەمنییەکانیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە.
ئاڤانۆس، سەر بە پارێزگای نەڤشەهیرە، یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی گەشتیاری تورکیا دادەنرێ کە ساڵانە گەشتیاریکی زۆری بیانی ڕووی تێدەکەن.
قەزای سوڵتانهانیش لە پارێزگای ئاکسارای چەندین شوێنەواری مێژوویی و پێکهاتەی کولتووریی بەناوبانگی جیهانی هەن، کە لە سەردەمی سەلجووقییەکانەوە جێماون، کە گەشتیارێکی زۆری بیانی بۆ قەزاکە رادەکێشێ.


