رووداو دیجیتاڵ
عەبدولڕەحیم فرات، پەرلەمانتاری ئاکپارتی و نەوەی شێخ سەعیدی پیران رایدەگەیێنێت، پرۆسەی چارەسەری بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە و تەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، بەڵکو ئامانج لێی نەهێشتنی تووندوتیژی و لەکارخستنی تەواوەتیی چەکە بۆ هەمیشە تاوەکو نەوەکانی داهاتوو لە ئارامیدا بژین.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، عەبدولڕەحیم فرات، پەرلەمانتاری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە بازنەی ئەرزەڕۆم، لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی ئاشتی دەربڕی و گوتی: "نزیکەی نیو سەدەیە باجێکی قورس دەدەین، ئامانجی هاوبەشی هەمووشمان تورکیایەکی بەهێزە."
فرات، کە نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە (رێبەری شۆڕشی 1925 کە لە ئامەد لەگەڵ 46 لە هاوڕێیانیدا لەسێدارە درا)، لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ئازارەکانی شەڕ و گوتی: "تیرۆر و تووندوتیژی تەنیا زیانی ئابووری نەبووە، بەڵکو ئاگری بەرداوەتە ماڵی چەندین خێزان و لە پشت هەر گیانلەدەستدانێک ئازارێکی وێرانکەر هەیە؛ بۆیە ئەم پرۆسەیە لە سەرووی پرسێکی ئەمنییەوە، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە ژیانی مرۆڤ، ئارامیی کۆمەڵایەتی و داهاتووی نەوەکانمان لەبەرچاو دەگرێت."
نەوەکەی شێخ سەعید جەختی لەوە کردەوە کە هێزی دەوڵەت لە بەهێزکردنی متمانەی نێوان هاووڵاتییان و دەوڵەتدایە، هەروەها برایەتیی مێژوویی دەبێت ببێتە متمانەیەکی کۆمەڵایەتیی بەهێز.
فرات ئامانجی سەرەکیی پرۆسەکەی دیاریکرد و رایگەیاند: "ئامانجمان زۆر روونە: دەبێت چەک بە تەواوەتی لەکار بخرێت، بوونی چەکداری کۆتایی پێبهێنرێت و تووندوتیژی بۆ هەمیشە لە رۆژەڤی وڵاتەکەماندا بسڕدرێتەوە؛ ئەمەش بە مانای لەبیرکردنی قوربانییەکان نایەت، بەڵکو لە پێناو ئەوەیە ئەو وڵاتە ئارام و سەلامەتەی هەمووان بۆی تێکۆشاون، رادەستی نەوەکانی داهاتووی بکەین."



