رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازیی پەکەکە، ناسنامەی 9 گەریلای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئاشکرا کرد کە لە شەڕ و پێکدادانەکان لە دژی سوپای تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.
پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لە کۆنگرەی مانگی ئایاری 2026دا خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و چەکی داناوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، ناسنامەی 9 گەریلای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد.
هەموو ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، خەڵکی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن و لە کاتی جیاوازدا گیانیان لەدەستداوە.
ناسنامەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە گیانیان لەدەستداوە بەم شێوەیەیە:
•محەممەد فەوزی، ناسراو بە (ئارتێش چیچەک)، خەڵکی بۆکان، لە مانگی ئابی 2024 لە رۆژئاڤا.
•زەهرا ئیسماعیلی، ناسراو بە (سڵا دەستان)، خەڵکی سەڵماس، لە 26ی کانوونی یەکەمی 2017 لە ئاڤاشین.
•سامان مەنسووری، ناسراو بە (زانا ئادار)، خەڵکی سنە، لە 3ی ئەیلوولی 2006 لە زاگرۆس.
•ئارش محەممەدی، ناسراو بە (وەڵات بێریتان)، خەڵکی سنە، لە 24ی نیسانی 2018 لە ئاڤاشین.
•سەرکەوت قادری، ناسراو بە (فیداکار رۆناهی)، خەڵکی سنە، لە 10ی تەممووزی 2022 لە قەندیل.
•خەبات یوسفی، ناسراو بە (رێبوار ئامەد)، خەڵکی کامیاران، لە 31ی ئایاری 2017 لە قەندیل.
•ئارمین سەعید راد، ناسراو بە (بێکەس بێریڤان)، خەڵکی سنە، لە 26ی شوباتی 2022 لە مەتین.
•ئەدیب پێشرەو شیرینی، ناسراو بە (باهۆز نیشتمان)، خەڵکی سنە، لە 23ی ئاداری 2020 لە زاپ.
•ماشاڵڵا رەجەبی، ناسراو بە (نەبەز ئەڤیندار)، خەڵکی سنە، لە 4ی نیسانی 2019 لە گارە.
رۆژی 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، موراد قەرەیڵان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل (باڵی سەربازیی پەکەکەی هەڵوەشاوە) رایگەیاند، لە رۆژی دامەزراندنی پەکەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار گەریلا و ئەندامیان لە شەڕەکان و لەئەنجامی بۆردوومان و تۆپباران گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی نێو راپۆرتی (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) کە رۆژی 5ـی ئابی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری دامەزرا، لە شەڕی 41 ساڵەی تورکیا و پەکەکەدا 94 هەزار و 877 گەریلا گیانیان لەدەستداوە؛ 20 هەزار و 581 کەسیان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، 74 هەزار و 296 کەسیان لە باکووری کوردستان و تورکیا، باشووری کوردستان بوون. هاوکات 8436 سەرباز، پۆلیس، جەندرمە و گوندپارێز لە باکووری کوردستان و تورکیا و 6584 کەسی دیکەی سڤیل هەر لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە 30 هەزار کەس لە هێزە ئەمنییەکان و خەڵک بریندار بوون.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 27ـی تشرینی دووەمی 1978 لە گوندی فیس سەر بە شارۆچکەی لجێ لە ئامەدی باکووری کوردستان دامەزرا و رۆژی 15ـی ئابی 1984 یەکەم خەباتی چەکداری دژی سوپای تورکیا ئەنجام دا.


