رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ئافیۆنکاراهیسار-ی تورکیا، 8 کەس بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە کوژران. کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندارە و هێرشکارەکە دەستگیرکرا.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرشێکی چەکداری لە شوێنێکی دوورەدەست لە پارێزگای ئافیۆنکاراهیسار-ی تورکیا روویدا. بەهۆیەوە 8 کەس کوژران. کەسێکیش بە سەختی بریندار بوو. خەڵکی ناوچەکە دوای ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان، هێزێکی جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
سەرەتا دەرکەوت 3 کەس لە گوندی ئایازینی و 3 کەسی دیکەش لە گوندی کایار بە چەک کوژراون. لە گوندی یوکاریتاندریش، 2 ژن بە برینداری دۆزرانەوە. هەردوو ژنەکە دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە، گیانیان لەدەستدا. کەسێکی دیکەش کە بە سەختی بریندار ببوو، چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.
فەرمانگەی باڵای میدیا و زانیاریی تورکیا دوای رووداوەکە راستەوخۆ قەدەخەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەبارەی کەیسەکە بۆ میدیا راگەیاند.
ناجی ئاکتاش، پارێزگاری ئافیۆنکاراهیسار لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیدا رایگەیاند، "بۆ روونکردنەوەی هەموو لایەنەکانی رووداوەکە و بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی دروست، هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت لە سەرەتای رووداوەکەوە بە هاوئاهەنگی کاردەکەن و بە وردی بەدواداچوون دەکەن. پرۆسەی دادوەری لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتییەوە بەڕێوەدەچێت. بۆ ئەمەش قەدەخەی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانمان بۆ میدیاکان بڵاوکردەوە."
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئافیۆنکارەهیساریش رایگەیاند، لە چەند شوێنێکی جیاوازدا 8 کەس کوژراون و 1 کەسیش لە نەخۆشخانە لەژێر چارەسەردایە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رووداوەکەدا دوو مامۆستا بەناوەکانی ئایشە سەنا دەمیر و هیلال مەتە کە مامۆستای قوتابخانەی ناوەندیی یوکاریتاندر بوون، کوژراون.
هەرچەندە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەدا بەردەوامە، بەڵام لایەنە فەرمییەکان هۆکاری کوژرانی ئەم هەشت کەسەیان هێشتا ئاشکرا نەکردووە.
دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ناسنامەی هێرشکارەکە ئاشکرا کرا و وێنەکەی بەسەر یەکە ئەمنی و جەندرمەکاندا دابەش کرا. دەرکەوت هێرشکارەکە ناوی عاریف سێفا ئۆزدەمیرە و تەمەنی 30 ساڵە.
ئۆزدەمیر، دوای رووداوەکە بە ئۆتۆمبێلێکی رەنگ سوور-ی بازرگانی هەڵاتبوو و بەرەو پارێزگای کوتاهیا رایکردبوو. دوای ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان، ئۆتۆمبێلەکەی لە چۆڵەوانییەکی پارێزگای ئەسکیشەهیر دۆزرایەوە کە لە قوڕدا گیری خواردبوو.
دوای ئەوەی دەرکەوت هێرشکارەکە ئۆتۆمبێلەکەی بەجێهێشتووە و بە پیادە هەڵاتووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.

