رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە کۆمارییەکانی کۆنگرێس کرد دەستبەجێ پڕۆژەیاسای گونجاندنی بودجەی 350 ملیار دۆلاری (Recon 3.0) تێپەڕێنن کە یاسای پاراستنی ئەمریکاش لەخۆدەگرێت، ئەمەش بۆ گەیشتن بە بودجەی سەربازیی 1.5 تریلیۆن دۆلاری کە هێزەکانی ئەمریکا پێویستیان پێیەتی.
رۆژی پێنجشەممە، 11-06-2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) بڵاویکردەوە، ئەم بودجەیە "وەبەرهێنانە لە سوپاکەماندا، کە تەنانەت لە ئەوەی سەردەمی سەرۆک [رۆناڵد] ریگنیش گەورەترە" و رایگەیاند، پڕۆژەیاسای (Recon 3.0) تاکە رێگەیە بۆ دابینکردنی بودجەی سەربازی ساڵانەی 1.5 تریلیۆن دۆلاری بۆ بنیاتنانی (کۆگەی چەکی ئازادی - The Arsenal of Freedom).
سەرۆکی ئەمریکا پلانە سەربازییەکانی ئایندەی خستەڕوو و نووسیویەتی: "ئێمە بە گومەزی زێڕین (Golden Dome) بەرگری لە نیشتمان دەکەین، کەشتیگەلی زێڕین دەستپێدەکەین، بە فڕۆکەکانی F-47 و B-21 باڵادەستیی ئاسمان دەسەپێنین، کۆگەکانی تەقەمەنیمان بەهێز دەکەین و دەگەینە باڵادەستیی تەواوی هێزی بۆشایی ئاسمان و درۆن."
ترەمپ نووسی، ئەم بودجەیە پیشەسازیی ئەمریکا دووبارە دەبووژێنێتەوە، سەدان هەلی کاری گرانبەها لە ئەمریکا دروست دەکات و باڵادەستیی جیهانیی وڵاتەکە مسۆگەر دەکات بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم یاسایە بۆ پاراستنی هەڵبژاردنەکان و مافی دەنگدانە بۆ نەوەکانی داهاتوو، کە پێنج خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت:
1. پێویستە هەموو دەنگدەران پێناسی وێنەدار نیشان بدەن.
2. پێویستە هەموو دەنگدەران بەڵگەی هاووڵاتیبوون نیشان بدەن.
3. دەنگدان لە رێگەی پۆستەوە قەدەخەیە (تەنیا بۆ حاڵەتەکانی نەخۆشی، کەمئەندامی، سەربازی، یان گەشت نەبێت).
4. رێگە نادرێت پیاوان لە وەرزشی ژناندا بەشدار بن.
5. نەشتەرگەریی شێواندنی رەگەزی (رەگەزگۆڕین) بۆ منداڵان قەدەخەیە.
ترەمپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا داوای لە کۆمارییەکان کرد، بەبێ دواکەوتن، هیچ یاری پێکردنێک و سازشێکی لاواز، تەواوی پرۆژەیاسای 350 ملیار دۆلارییەکە و یاسای (پاراستنی ئەمریکا) بە زووترین کات تێپەڕێنن بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی نەتەوەکە بۆ منداڵ و نەوەکانیان.



