رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "رێککەوتنێکی گەورە"ی لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە پێشبینی دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە لە ئەورووپا واژۆ بکرێت.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، ترەمپ لە نێو نووسینگەی هێلکەیی (ئۆڤاڵ ئۆفیس) بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئێمە
تازە گەیشتینە رێککەوتنێکی گەورە سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران." گوتیشی: "دوای کۆتاییهاتنی ئامادەکردنی بەڵگەنامەکان، کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو بن، ئەگەری زۆرە رێوڕەسمی واژۆکردنێک هەبێت، کە رەنگە لە ئەورووپا بێت."
ترەمپ گوتی کە خۆی ناتوانێت لەوێ ئامادە بێت، بەڵام جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەچنە ئەورووپا.
لە وەڵامى پرسیارێکى رۆژنامەڤانان، سەرۆکى ئەمریکا جەختیکردەوە کە ئەمجارە رێککەوتن دەکرێ و گوتى: "زۆر خراپ پێکراون، بە جۆرێک پێکراون کەس بەرگەی ناگرێ بۆیە ئەوان زیاتر لەمن دەیانەوێ رێککەوتنێک بکەن." لەبارەى پەسندکردنى رێککەوتنەکە لەلایەن رێبەرى ئێرانەوە، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، ئاگادارە لەوەى موجتەبا خامنەیی، رێبەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران "رێککەوتنەکەى پەسند کردووە."
ئەم وەرچەرخانە دیپلۆماسییە دوای 10 رۆژ لە پێکدادانی سەربازیی لە نێوان واشنتن و تاران دا دێت. ململانێکان کاتێک گەیشتنە لووتکە کە درۆنێکی ئێرانی هێلیکۆپتەرێکی ئەپاچی ئەمریکای خستە خوارەوە و واشنتنیش بە بۆردومانکردنی 20 ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران وەڵامی دایەوە.
هەرچەندە پێشتر ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران وەک "فارس نیووز" و "تەسنیم" رایانگەیاندبوو کە هیچ دەقێکی فەرمیی رێککەوتن پەسند نەکراوە، بەڵام ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و رەزامەندیی لەسەر دراوە.
لە هەمان کاتدا، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ دەکرێت.



