رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێ، مین لانیکەم لە 58 وڵات و ناوچە لە جیهاندا چێندراوە. ئاماژەی بەوەش دەکات، میانمار، سووریا، ئەفغانستان و ئۆکراینا زۆرترین زیانیان بەهۆی مینەوە تێدا تۆمارکراوە.
رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتوەکان لە راپۆرتێکدا گوتی، "جێگەی نیگەرانییەکی زۆرە کە نزیکەی 30 ساڵ دوای پەسندکردنی پەیماننامەی قەدەخەکردنی مین، ئەم تەقەمەنییە لە کوشتن و بریندارکردنی خەڵک بەردەوامە."
بەپێی راپۆرتەکەی کۆمیسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە ساڵی 2024دا لانیکەم 945 کەس بە مین کوژراون و 4325 کەسی دیکەش بەهۆی مین و پاشماوە تەقەمەنییەکانی جەنگەوە بریندار بوون.
ڤۆڵکەر تورک دەڵێ، نزیکەی 90%ی هەموو قوربانییە تۆمارکراوەکان هاوڵاتیی سڤیل بوون.
ئامارەکانی ساڵی 2024 نیشانی دەدەن کە میانمار بە 2029 کوژراو و بریندار لە پلەی یەکەمی وڵاتانە. دوای ئەویش سووریا بە 1015 کوژراو و بریندار و ئەفغانستان بە 624 کوژراو و بریندار دێن. هەروەها ئۆکراینا، نایجیریا، مالی، یەمەن و بورکینافاسۆ هەریەکەیان زیاتر لە 200 کوژراو و برینداریان تێدا تۆمارکراوە.
ڤۆڵکەر تورک ئاماژەی بەوە کردووە، منداڵان پشکی شێریان لەم تراژیدیایەدا بەرکەوتووە و زیاتر لە 40٪ی هەموو کوژراو و بریندارە مەدەنییەکان پێکدەهێنن کە لە ساڵی 1999وە تۆمار کراون.
راپۆرتەکە دەڵێ، مینەکان نەک دەبنەهۆی کوژران، بەڵکو ناوچەکان دەکەنە شوێنی قەدەخەکراو و رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارە و بەکارهێنانی خاک بۆ کشتوکاڵ.



