رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا هۆشداری لە زیانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر منداڵان دەدات و دەڵێ، "کاتی گۆڕانکاری" لە چۆنیەتی دەستڕاگەیشتنی منداڵان بەو پلاتفۆرمانە هاتووە.
رۆژی سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێی هەنگاوێکی هاوشێوەی ئوسترالیا و بەریتانیا دەکات بۆ قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیا بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ.
ئەم هەڵوێستەی ڤۆندەرلاین لە کاتێکدایە، لیژنەیەکی پسپۆڕ لێکۆڵینەوەیان لەسەر شێوازی پاراستنی منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵیدا کردووە. بڕیارە لیژنەکە لە 13ـی تەممووزدا راسپاردەکانی خۆی پێشکێشی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بکات.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "گەنجان لە ئۆنلاین رووبەڕووی نێوەڕۆکی کێشەدار دەبنەوە، لە گوتاری رق و کینەوە بگرە تاوەکو دەگاتە گوشار لەسەر شێوازی جەستە و تووندوتیژی لەناکاو. ئەمە ئاماژەیەکی روونە کە کاتی گۆڕانکاری هاتووە."
ڤۆندەرلاین ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری زۆرە لە هاوینی ئەم ساڵدا پڕۆژەیاسایەک بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی منداڵان بە سۆشیاڵ میدیا پێشکێش بکرێ. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی وەک فەرەنسا گوشارێکی زۆر دەکەن بۆ سەپاندنی ئەو قەدەخەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە هاووڵاتییانی تەمەن 13 بۆ 18 ساڵ بە شێوەیەکی "زیاد لە پێویست" شاشە و سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنن.
بەگوێرەی راپرسییەکە، نزیکەی یەک لەسەر سێی مێرمنداڵان هەست بە گوشاری دەروونی، دڵتەنگی، گۆشەگیریی کۆمەڵایەتی دەکەن بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە، هەروەها چارەکی مێرمنداڵان رووبەڕووی گوتاری رق و کینە دەبنەوە و رێژەیەکی هاوشێوەش رووبەڕووی ئەو نێوەڕۆکانە دەبنەوە کە گوشاریان دەخاتە سەر بۆ ئەوەی خاوەن شێوازێکی دیاریکراوی جەستە بن، کە ئەمانە وەک "ناوەڕۆکی زیانبەخش و بێزارکەر" پۆلێن کراون.
ئوسترالیا وەک یەکەم وڵات بوو لە جیهاندا بڕیاری قەدەخەکردنی سۆشیاڵ میدیای بۆ منداڵانی خوار 16 ساڵ دەرکرد و چەند رۆێک لەمەوبەر بەریتانیاش هەمان هەنگاوی نا.



